کۆتایی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان نزیک بووەتەوە
دادگای فیدراڵی و حکومەتی عێراق و هەروەها دادگای ناوبژیوانی پاریس دۆسیەی نەوتیان لە ژێر دەستی حکومەتی هەرێم دەرهێنا. لە پرسی دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمریکا بە تایبەت فشارەکانیان لە سەر دەسەڵاتەکەی پارتی و یەکێتی چڕ کردووەتەوە.
بابەتی گرنگتر ئەوەی کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە بە ئامێر و کەلوپەل و فەرمانبەرانی خۆیان، پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەبەن، کە واتە دەستی پارتی و یەکێتی لەو پرۆسەیەدا بۆ تەزویر نامێنێت.
لە ناوخۆی کوردستانیش مووچەی فەرمانبەران دابەش ناکرێت و حکومەت بۆ دابینکردنی هەموو داواکارییەکی بەغدای قبووڵ کردووە، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان جوڵەیان پێوە نابینرێت، بێکاری و هەژاری و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بوون و ڕێژەی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتەکەی پارتی و یەکێتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت.
بە لای هەندێک لە شارەزایان و شرۆڤەکارانی کاروباری هەرێمی کوردستانەوە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو وێستگەیەکی زۆر گرنگی تاقیکردنەوەی دەنگی خەڵکە بۆ ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتەکەی پارتی و یەکێتی. ئەگەرچی ڕێژەی نازاڕەزایەتییەکان زیاتر ئاراستەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بارزانییەکانە بەڵام بە گشتی خەڵک لە ئەزموونی حکومڕانی کوردی ناڕازین و خەڵکانێکی زۆر ئێستا خەون بەوەوە دەبینن کە دەسەڵاتی ناوەند بە سەر هەرێمی کوردستاندا زاڵ ببێتەوە. ئەمە بە واتای ڕەتکردنەوەی مافە نیشتمانییەکان نییە، بەڵام ڕاستییەکیش ئەوەیە کە لە ئاکامی دەسەڵاتی کوردیدا، دوو حیزب و دوو بنەماڵە و کەسانی نزیک و کۆیلەکانی ئەوان دەوڵەمەند بوون و هەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین کراوە و لە ناوخۆ و دەرەوە بە دەیان موڵک و ماڵیان کڕیوە، کەچی لە ناوخۆی کوردستان خێزانی وەها هەیە بۆ دابینکردنی شیری منداڵە کۆرپەلەکەی پەنا بۆ قەرز و شتی دیکە دەبات.
ئەگەر لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، خەڵک بە زۆرینە بەشداری بکەن، ئەوانەی کە تا ئێستا دەنگیان نەداوە، ئەوانەی کە بە دەنگە ناڕازییەکان دەناسرێن، ئەگەر خەڵک دەنگی ڕاستەقینەی خۆی بدات و بۆ هەندێک بەرژەوەندی حیزبی دەنگی بە پارتی بە تایبەت نەفرۆشێتەوە، گۆڕانکاری گەورە ڕوو دەدات، ئەمەش گەورەترین و ترسناکترین زەنگە بۆ بارزانییەکان، ئەم دۆخەیە کە وایکردووە هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە ترسیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هەیە و بەردەوام بە بیانووی جۆربەجۆر هەوڵی دواخستنی دەدەن.
بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزیش لە کوردستان نابینرێت کە خەڵک دەنگی خۆیان بەوان بدەن، گۆڕان کە تەنیا ناوەکەی ماوەتەوە، ئیسلامییەکان کە خەریکی شەڕی یەکتر شکاندنن و نەوەی نوێش هێشتا ئەزموونێکی وەهای نییە و بۆ خەڵک تاقینەکراوەوە، کەسانی وەک لاهور شێخ جەنگیش ساڵانێک لە لوتکەی دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتی یەکێتیدا بووە و هیچی نەکردووە تا ئێستا جاڕی بەرگری لە مافی خەڵک و ئۆپۆزسیۆنبوون بدات.
ئەوەی پێویستە بۆ خەڵکی کوردستان، ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمە، هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەبێتە یەکەم وێستگەی دەستپێکردنەوەی ئەو ڕەتکردنەوەیە، کاتێک دەنگەکانی پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە دەبینرێت، ئەو کاتەیە کە خەڵک بیر لە هەنگاوە گەورەکە، واتە ڕاپەڕینی جەماوەری و ڕەتکردنەوەی یەکجاری دەکەنەوە، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هیچ کات لە دەسەڵاتی بەعس بەهێزتر نییە کە ساڵی 1991 بە ڕاپەڕینی خەڵک لە کوردستان کۆتایی هات.