کوژرانی دووەم بەرپرسی سەربازیی پارتی لە ماوەی یەک مانگدا

بەرپرسێکی سەربازی پارتی لە هەولێر کۆژرا و تەرمەکەی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەم شارە دۆزرایەوە.

وردەکاری کوشتنی ئەو بەرپرسە سەربازییەی پارتی چۆن بووە، کێ کوشتی و بۆ کوژرا؟

لە ماوەی یەک مانگدا دوو بەرپرسی سەربازی و ئەمنی پارتی بە ڕووداوی گوماناوی کوژران. بەیانی ڕۆژی 6 ی ئاب تەرمی ئەفسەرێکی لیوای 18 ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دۆزرایەوە کە شوێنەواری گوللە بە جەستەیەوە هەبووە.

ئەو بەرپرسە سەربازییە ناوی فۆئاد زرارە و ئەفسەری لیوای 18 ی وەزارەتی پێشمەرگە بە پلەی عەقید و سەر بە پارتی دیمۆکراتی کوردستان بووە. تەرمەکەشی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەفسەرەکەی پارتی لە گەڵ کەسێک بە چەک شەڕی کردووە و گوللەیەک بەر قاچی کەوتووە و دواتر بەرەو نەخۆشخانە بەڕێکەوتووە و پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە بە هۆی ئەوەی کە خوێنێکی زۆر لە جەستەی ڕۆیشتووە، گیانی لە دەست داوە.

تا ئێستا نەزانراوە کێ ئەو ئەفسەرەی کوشتووە و کەسیش دەستگیر نەکراوە. فۆئاد زرارە تەمەنی 43 ساڵ و خاوەنی 7 منداڵ بووە.

لە ماوەی یەک مانگدا ئەمە دووەم بەرپرسی سەربازی پارتییە کە دەکوژرێت، پێشتریش بەرپرسی پێشووی پاراستنی پارتی لە زاخۆ کوژرا.