کوژرانی حەکیم لوقمان لە ئیستەنبوڵ و جیاوازییەکانی نێوان تورکیا و ئێران
یەکەم جار نییە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە تورکیا تووشی ڕووداوی بەئەنقەست دەبن، لە کوشتن و بریندارکردن و دزیکردن و دەیان جۆرە کێشەی تر لە تورکیا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕوویداوە بەڵام بەداخەوە کە خەڵک هەر سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن بۆ گەشت و سەیران و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و کاروباری بازرگانی.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تورکیا دەیان ساڵە خاکی هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە، لە ڕووی ئابوریشەوە ساڵەهایە هەرێم لە ژێر داگیرکاری تورکیادایە، درۆنی تورکیا ژیانی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان تاڵ کردووە و کەس نییە لە ماڵ بێتە دەرەوە و دڵنیایی لە گەڕانەوەی خۆی بدات.
تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی لە بەرامبەر داگیرکاری و تاوانەکانی تورکیا هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە و بگرە خۆیان لە زۆربەی تاوانەکاندا هاوڕێ و چاوساغی هێزەکانی سوپا و دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتەن.
بەڵام کە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێران دەکەن، لە سەر سنور تا دەگەنە دوورترین شوێن لە باکور یان هەر شوێنێکی تری ئەم وڵاتە، بەوپەڕی ڕێزەوە مامەڵەیان لە گەڵدا دەکرێت. ئەگەر لە تورکیا قسەکردن بە کوردی تاوانە و خەڵکی لە سەر دەکوژرێت، ئەوا لە ئێران کورد ڕێزێکی زۆری هەیە و قسەکردن و پۆشینی جلوبەرگی کوردی وەک شانازییەک دەبینرێت. لەمەش زیاتر ئێران تا ئێستا بستێک لە خاکی هەرێمی کوردستانی داگیر نەکردووە و پەیوەندییەکانی لە گەڵ حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندی بەرامبەر بووە، بەڵام تورکیا لە هەر ڕوویەکەوە هەرێمی کوردستانی داگیر و تاڵان کردووە.
ئەمەیە جیاوازییەکانی نێوان تورکیا و ئێران بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و کورد و بەداخەوە بارزانییەکان لە بەر ترسیان لە حکومەتەکەی ئەردۆغان و بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و شەخسی چاویان بە ڕووی ئەو هەموو تاوانەی تورکیا داخستووە و لە بەرامبەر کوژرانی ئەو هاووڵاتییەدا بە یەک وشە قسەیان نەکردووە بەڵام بۆ گوێچکە بڕاوەکەی ترەمپ لە ئەمریکا چەندین پەیامیان ئاراستەی ئەمریکا و خەڵکەکەی و خودی ترەمپ کرد.