کوڕانی مەلا پەروێز کەرکوکیان کردە دۆزەخی پارتی

پەیوەندیکردنی مەسعود مەلا پەروێز کارگێڕی لقی سێی پارتی و کاندیدی ژمارە 2 ی ئەم حیزبە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە وەک بۆمبێکە کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بە پارتیدا لە کەرکوک تەقییەوە.

مەسعود مەلا پەروێز جگە لەوەی کارگێڕی لقی سێی پارتییە، برای کاوێز مەلا پەروێزە کە تا تشرینی یەکەمی 2017 بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی لە کەرکوک بووە و برایەکی دیکەیان بەرپرسیاریەتی لە ئاسایشی پارتی لە کەرکوک هەیە.

نیگەرانییەکانی بنەماڵەی مەلا پەروێز لە دوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر (تشرینی یەکەم) ی 2017 ی کەرکوکەوە دەستپێکرد کە پاش جێهێشتنی شارەکە لە لایەن پارتییەوە، کاوێز مەلا پەروێز لە هەڵوێستی حیزبەکەی نیگەران بوو و بە پێچەوانەی بەرپرسانی دیکەی پارتی، شارەکەی بە جێنەهێشت.

لە سەر ئەوەی هاوڕای حیزبەکەی نەبوو، ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک – گەرمیان ی پارتی، کاوێز مەلا پەروێزی پەراوێز خست و پەیوەندی ئۆرگانیی بە حیزبەکەیەوە نەما بەڵام بێدەنگیی هەڵبژارد تا پێکهێنانی لیستی پارتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کاتێک پارتی هیچ بەرپرسێکی باڵای بۆ سەرۆک لیست کاندید نەکرد و پرسی سەرۆک لیست لە نێوان حەسەن مەجید و مەسعود مەلا پەروێزدا مایەوە، هەر دوویان کارگێڕی لق بوون و دوا جار حەسەن مەجید دانرا.

ئەمەش بنەماڵەی مەلا پەروێزی نیگەران کرد و کاوێز مەلا پەروێز لە لێدوانێکی میدیاییدا هێرشی کردە سەر حەسەن مەجید و لیستەکەی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی بە لاواز ناوبرد و دواتر لە گەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پێچەوانەی کاندیدەکانی دیکە، مەسعود مەلا پەروێز لە شاری کەرکوک وێنە و پۆستەری بانگەشەی نەبوو.

مەسعود مەلا پەروێز لە ئاهەنگی کردنەوەی بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکوک بەشداری نەکرد و کاوێز مەلا پەروێزی براشی هێرشی کردە سەر پارتی و گەڕانەوەی پارتیی بەو جۆرە بۆ کەرکوک ڕەخنەباران کرد.

دوا جار نیگەرانی و ناکۆکییەکانی بنەماڵەی مەلا پەروێز لە گەڵ پارتی تەقییەوە و حیزبەکەیان بە جێهێشت و پەیوەندییان بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کرد، مەسعود مەلا پەروێز دووەم کاندیدی بەهێزی لیستەکەی پارتی بوو و ئەمەش بووە بۆمبێک و لەم هەڵمەتەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک بە پارتیدا تەقییەوە و گورزێکی گەورەی لەو حیزبە وەشاند.

بەمەش یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کاتێکی هەستیاری وەک هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و چەند ڕۆژێکی کەم لە دوای گەڕانەوەی پارتییەکان بۆ کەرکوک، یەکەم سوپڕایزی کرد و بەرپرسانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی تووشی شۆک کرد و فۆکۆسی خەڵکی کەرکوکی لە سەر گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکە لادا.