کونسوڵخانە بێ خێرەکەی ئەمریکا لە هەولێر

ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەورەترین کونسوڵخانەی لە سەر ئاستی جیهان لە شاری هەولێردا کردووەتەوە، بارزانییەکان وا دەزانن کە ئەمە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکانی ئەوانە بەڵام دەبێت وانەی ئەفغانستان هەموو کات لە پێش چاویاندا بێت کە رۆژێک دەگات وەک ئەو وڵاتەش هەرێمی کوردستان لە ئەمریکییەکان چۆڵ بکرێت و وەک ئەشرەف غەنی بەپەلە بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵبێن.

ئەمریکییەکان هەرێمی کوردستانیان داگیر کردووە، چەندین بنکەی سەربازییان هەیە و گەورەترین کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەش بە هاوکاری بارزانییەکان لەم شارەدا دەکرێتەوە. پرسیار ئەوەیە کە ئەم هەموو ئامادەکارییەی ئەمریکییەکان بۆ چییە؟

ئەمریکا هیچ کات دۆستی کورد نەبووە، ئەمە دەیان جار لە سەر زاری گەورە کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد بیستراوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەمریکا تەنیا پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خۆیە و کورد و هەرێمی کوردستان وەک ئامرازێک لەو پێناوەدا بەکار دێنێت.

ئەمریکا ئەوەندە داکۆکیی لە هاوڕەگەزبازەکان کردووە، ئەوەندە گرنگیی بە بابەتێک نەداوە کە سوودی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت. لە هەرێمی کوردستان چەندین قەیرانی وەک گەندەڵی، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین، گرتن و ئەشکەنجەدان و تەنانەت تیرۆر و بێسەروشوێنکردنی رۆژنامەنووسان، نەبوونی شەفافییەت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەیە بەڵام ئەمریکییەکان تەنیا بە وشەیەک بەرگرییان لە مافی گشتی نەکردووە.

ئەوەی ئەمریکییەکان دەیکەن تەنیا دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستانە لە ئاین و کەلتور و داب و نەریتی کوردی و بوونی ئەم کۆمەڵگایە بە شوێنکەوتووی کەلتوری ڕۆژئاوا. دوا جار کە ئیشی بە هەرێمی کوردستان نەما، وەک ئەفغانستان دەکشێتەوە و بارزانییەکانیش وەک ئەشرەف غەنی ناچار بە هەڵهاتن دەبن.