کوردستان یان کارگەی درووستکردنی حیزب
ئەرێ ئەمە کوردستانە یان کارگەی درووستکردنی حیزب؟ هەر چەند ماڵێک پێکەوە حیزبێکیان درووستکردووە و میدیایەکیان بۆ جنێوفرۆشی و بوختان و سووکایەتی بە یەکتر خستووەتە ئیش و بەمەش دەڵێن کاری سیاسی.
پارتی و یەکێتی دەیان ساڵە وایان لە کوردستان کردووە کە هیچی بۆ نەماوەتەوە. ئەوەی سەروەت و سامانی ئەم هەرێمەیە، لە لایەن بنەماڵەکانی دەسەڵاتدار و کەسانی نزیک و کۆیلەکانی ئەوانەوە تاڵان کراوە و شتێک بۆ خەڵک نەماوەتەوە، ئەوەیە کە دەبینین سێ مانگە مووچەخۆران دینارێکیان وەرنەگرتووە.
کوردستان خێری لە پارتی و یەکێتی نەبینیوە کە پێویستی بە حیزبی دیکە هەبێت. با چەند پرسیارێک بکەین. ئەرێ حیزبە ئیسلامییەکان بە بزوتنەوە و کۆمەڵ و یەکگرتووەوە چییان کردووە؟ بزوتنەوەی گۆڕان کە بانگەشەی گۆڕینی دۆخی هەرێمی کوردستانی دەکرد لە کوێیە؟ یەکێکی ئەوێ دۆخی خۆی بگۆڕێت. نەوەی نوێ چی کردووە، ئەوەیە کە پەرلەمانتاری لە بەغداش هەیە و تەنیا لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵی چەواشەکاری و فریودانی ڕای گشتی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەدات.
ئاخر کەس نییە پرسیار بکات کە بزوتنەوەی ئیسلامی چی لە حیزب دەچێت کە ئێستا باڵەکەی کامیلی حاجی عەلیش دەڵێن بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی ڕادەگەێنین؟ ئەرێ لاهور شێخ جەنگی لە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتیدا چی کرد کە دەیەوێت و دەڵێت لیستی تایبەتی بۆ هەڵبژاردنەکان دەبێت. هەر بە ڕاست کوردستان پێویستی بەم هەموو حیزب و لیستەیە؟!!
ئەی بۆ ئەم هەموو بە ناو سیاسەتمەدارە سیاسەتێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و پێشکەوتنی کوردستان نییە؟ بۆ لە خەمی ئەوەدا نین کە سێ مانگە مووچە نییە، ئەوە وەرزی سەرما هات و نەوت نییە، ئەوە نەخۆشخانەکانن کە دەرمان و پێداویستییان نییە و هتد.
ئەگەر کوردستان لە جێی ئەم هەموو بە ڕواڵەت حیزبە، کارگەی دەکردەوە، ئێستا وەبەرهێنان و دابینکردنی پێداویستییەکان وەها بوو کە پێویست بە هاوردەی لە وڵاتانی دەرەوە نەدەبوو و بە دەیان هەزار گەنجی کوردیش هەلی کاریان دەست دەکەوت و ناچار بە کۆچ و ڕۆیشتن بۆ هەندەران و هەڵبژاردنی چارەنووسێکی نادیار نەدەبوون.
ئەم هەموو حیزب و میدیا و بە ناو سیاسەتمەدارە لە هەرێمی کوردستان نیشانەی پێشکەوتن و دیمۆکراسی نییە، بە دڵنیاییەوە وەک چۆن کە ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە، کوردستان بەم دۆخەوە تەنیا بەرەو پاشەکشەی زیاتر دەڕوات.