کوردستان و مەترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی ناوخۆیی

سیاسەتەکانی پارتی و ماڵی مەسعود بارزانی، هەرێمی کوردستان بەرەو لێواری شەڕێکی ناوخۆیی گەورە دەبات. لێدوان و هەڵوێستی بەرپرسانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەم ڕۆژانەدا ئەوەی ڕوون کردووەتەوە و بەم بۆنەوە شەپۆلێکی ترس و نیگەرانی ڕووی لە خەڵکی کوردستان کردووە.

پارتی زامداری هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکوک و نەینەوایە و بە هۆی لەدەستدانی کورسی کۆتاکانەوە ڕقێکی زۆری لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.

یەکێتی بە پشت بەستن بە سەرکەوتنەکانی لە کەرکوک و نەینەوا و دادگای فیدراڵیی عێراق، خۆیی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردووە و بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە هەولێر لە ژێر حوکمی پارتی وەردەگرێتەوە.

یەکێتی بانگەشەی ئەوەشیکردووە کە پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێم وەردەگرێتەوە. یەکێک لە ئامانجەکانی تری یەکێتی ئەوەیە کە مەسرور بارزانی سەرۆکی کابینەی داهاتوو نەبێت.

پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش ڕایگەیاندووە کە پلەی یەکەمی دەنگەکان بە دەست دێنێت و مەسرور بارزانیش دەکاتە سەرۆکی کابینەی دەیەم و لە سەر جێگری سەرۆکی حکومەتیش دەڕوانێتە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

کە واتە دیارە پارتی و یەکێتی لە سەر چی شەڕیانە و دۆخی کوردستان چۆن بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات. ئەوەی ڕوونە، لە یەک مانگی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا مەترسی سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە. بە تایبەت ئەوەی کە یەکێتی دەیەوێت هەولێر بکاتە چەقی ململانێکانی لە گەڵ پارتی و بەمەش تەرکیزی هەڵبژاردنەکان لە سەر سلێمانی دوور بخاتەوە.