کوردستان دەبێتە ئەفغانستانی دووەم
ئەمریکا پێداچوونەوە بە هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەکات. بەم هەڕەشانەی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئەگەر پرۆژەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە سەر نەگرێت، چی ڕوو دەدات؟
ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان توڕەن و بە هۆشدارییەکی توندەوە هەڕەشەی کشانەوە لە هەرێم دەکەن.
نیگەرانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ دۆخی ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە و شکستی پرۆژەی چاکسازییەکان لەم وەزارەتە دەگەڕێتەوە. لە 13 ساڵی ڕابردوودا تەنیا 20 لیوا یەکخراون کە ئەویش هەمان دابەشکاریی پارتی و یەکێتیی تێدا دەبینرێت و ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوەیان سەلماندووە کە بە هەر کێشە و گرفتێک ئەگەری هەڵوەشانەوەیان لە ئارادایە، وەک چۆن کە لە پاش ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ی کەرکوک و ئاڵۆزبوونی ڕەوشی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەو لیوا هاوبەشانە لێک جیابوونەوە و هەڵوەشانەوە.
خوڵقاندنی کێشە و گرفت لە لایەن پارتی و یەکێتییەوە بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بووەتە هۆکاری توڕەبوونی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەو وڵاتانە بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر هێزەکانی هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە ڕادەستی حکومەتی هەرێم نەکرێت ئەوا لە هەرێم دەکشێنەوە. لە چوارچێوەی ئەو هەڕەشانەدا ئەمریکا دەیەوێت پێداچوونەوە بە هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بکات، هاوکارییەکەش لە ئێستادا 20 ملیۆن دۆلاری مانگانەیە کە دەدرێتە لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە، ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەو پارەیە دەدرێتە هێزێکی حیزبی نەک ئەو هێزانەی کە لە خزمەت خەڵک و کوردستاندا بن.
میدیا ئەمریکییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەگەری هەڵوەشانەوەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە لە هەر کاتێکدا لە ئارادایە. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری پچڕانی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا ڕەنگە ئەو لیوایانە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هەڵبوەشێنەوە.
ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان یەکنەخرێنەوە، ئەو هێزانە دەخرێنە سەر حکومەتی عێراق و لە حیزبەکانی دەسەڵاتداری هەرێم وەردەگیرێنەوە.
بەم بارودۆخەوە پێشبینی دەکرێت ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان بکشێننەوە و هەرێم ببێتە ئەفغانستانێکی دووەمی ناوچەکە و دیار نییە داهاتووی حکومڕانییەکەی چۆن دەبێت. یەکێک لە ئەگەرەکانیش زیاتربوونی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی و تەنانەت ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیە.