کوردستان بە کۆڕ و کۆنفرانس گەورە نابێت

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە ئەمنی و سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان وەک هەموو بابەتێکی دیکە بووەتە شوێنی کێبڕکێی نێوان حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان، بە واتایەکی دیکە ئەم بابەتە لە نێوان پارتی و یەکێتی و بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان بووەتە ئامرازێکی خۆنیشاندان و خۆگەورەکردن، لەمەشدا هەر دوو باڵەکەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی هەوڵەکانیان لە بەرامبەر یەکتر چڕ کردووەتەوە.

ماوەیەک پێش ئێستا کۆنفرانسی میری بە چاودێری نێچیرڤان بارزانی و سپۆنسەریی کەناڵی ڕووداو بەڕێوەچوو. سەرۆکی هەرێم ڕۆڵی گەورەی تێدا بینی و کەسایەتییەکان لە ڕاستیدا میوانی ئەو بوون. کۆنفرانسەکە لە ڕاستیدا بۆ دەرخستنی کەسایەتی سەرۆکی هەرێم و نیشاندانی هێز و پێگەی سیاسی و دیپلۆماسی ناوبراو بووە.

ئێستا ئەم کۆنفرانسە لە لایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە سەر هەمان مۆدێل و شێواز لە دهۆک بەڕێوەچوو. هەمان ئامانج لە هێنانی کەسایەتییە عێراقی و دەرەکییەکان لای مەسرور بارزانی دووبارە بووەتەوە. میدیاکانی سەرۆکی حکومەتیش بە هەموو هەوڵێکەوە ڕووماڵی ڕووداوەکە دەکەن.

قوباد تاڵەبانیش پاش ئەم دوو بارزانییە، دیداری سلێمانی بەڕێوە دەبات. دووبارەکردنەوەی هەمان بەرنامە و سیناریۆ لە سلێمانیش لە داهاتوودا دەبینین.

هەموو ئەم خۆنمایشکردنەی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی گەورەی داراییدا تێپەڕ دەبێت. مووچەخۆران مووچەکانیان وەرنەگرتووە و بازاڕەکان لە جوڵە کەوتوون.

کەس نییە پرسیار بکات کە تێچووی ئەم کۆنفرانسانە بۆ ناخەنە خزمەت خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەوان. ئایا دەزانن کە تێچووی هێنان و پێشوازی و گەڕانەوەی شاندەکەی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی بۆریس جۆنسۆن چەندە؟