کاکە حەمە عێراقی نییە، ڕەنگە تایلەندی بێت!

محەمەد حاجی مەحمود بۆ جاری دەیەم ڕایگەیاندووە کە ئەو عێراقی نییە و کوردستانییە.

ڕاستە کە ناسنامەی کاکە حەمە کوردە و دانیشتووی هەرێمی کوردستانە، بەڵام هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عێراق و ئەمەش هیچ حاشایەک هەڵناگرێت.

لە بارودۆخە جیاجیاکاندا ئەم ڕستەیە لە کاکە حەمە دەبیستین کە ئەو کوردستانییە و عێراقی نییە.

هەندیک جاریش داوای گرتنەئاوی بەنداوەکانی کوردستانی کردووە و تەنانەت بانگەشەی ئەوەیکردووە کە لە دژی بەغدا هێز دەجوڵێنێت.

ئەم لێدوانانەی کاکە حەمە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشیان لە گەڵ لایەنە عێراقییەکاندا هەیە و بەردەوام ڕایانگەیاندووە کە هەرێم بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ.

لە لایەکیترەوە کاکە حەمە لە گەڵ ئێران پەیوەندییەکی نزیکی هەیە و سیاسەتی ئێرانیش لە عێراقدا ڕوون و ئاشکرایە و دیار نییە سەرۆکی حسک بە چ ئامانجێک دژایەتی بەغدا دەکات.