کاوێز مەلا پەروێز: دەسەڵاتی کوردی 30 ساڵە شکستی هێناوە

ڕۆژنامەنووسێکی نزیک لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لاوازییەکەی ئێستای هەرێمی کوردستان لە کاتی ڕادەسکردنی کەرکوک دەستیپێکردووە کە بە جۆرێک بووە قوربانی بەرژەوەندییە نەوتییەکان.

کاوێز مەلا پەروێز لە فەیسبووک ڕایگەیاندووە کە ئەوسا و ئێستاش نەیانزانی و تێنەگەیشتن و زەحمەتیشە تێبگەن کە هێزی کورد لە ناو عێراق کەرکوکە نەک نەوت.

ڕاشیگەیاندووە کە لاوازیی ئێستای هەرێمی کوردستان لەو کاتەوە دەستیپێکردووە کە کەرکوک کرایە قوربانی بەرژەوەندییە نەوتییەکانی دەسەڵاتداران.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئێستاش ئەگەر کورد بیەوێت لە عێراق بەهێز بێت، دەبێت لە کەرکوکەوە دەست پێبکات.

ڕۆژنامەنووسەکەی نزیک لە پارتی بە ئاماژە بە دەسەڵاتی حیزبەکەی ڕایگەیاندووە کە پاڕانەوە لە بەغدا بۆ پارە و مووچە، چنینەوەی ئەو شکستەیە کە زیاتر لە 30 ساڵە بە خەڵکی دەفرۆشنەوە.