کاسە بەتاڵەکەی حکومەتی هەرێم
10 ساڵ بەر لە ئێستا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان باسی ئابوری سەربەخۆیان دەکرد، ئەویش لە ڕێگای هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بە بۆری و لە ڕێگای تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
ئەوان لەو ڕۆژەدا وتیان کە تەواو بوو کوردستان ڕزگاری بووە لەوەی چاوەڕێی هاتن یان نەهاتنی پارە و بودجە بەغدا بکات.
ئەوان بانگەشەیان دەکرد کە کوردستان چووەتە سەر نەخشەی جیهانی وزە و کوردستان بووەتە خاوەنی ئابورییەکی سەربەخۆ.
ئەو ڕۆژەی کە ئاشتی هەورامی وەک وەزیری سەرچاوە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند هەناردەی نەوتی هەرێم ڕۆژانە دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل و بۆ هەمیشە کوردستان پێویستی بە بەغدا نابێت.
ئێستا پاش 10 ساڵ لەو قسە و لێدوانانە، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم بە ڕاشکاوانە وتی کە کاسەکەی هەرێم بەتاڵە و هیچ پارەیەک نەماوە و چیتر حەز ناکەم پرسیاری مووچەم لێبکرێت.
ئاوات شێخ جەناب لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی کە نە داهاتی نەوت ماوە و نە داهاتی ناوخۆش وەک جارانە.
ناوبراو وتی کە حکومەتی هەرێم هەموو داواکارییەکانی بەغدای جێبەجێکردووە و ئێستا داوای هەمووی داهاتی نانەوتیش دەکات، لە کاتێکدا کە بە پێی یاسا ئەو ڕێژەیە لە سەدا 50 بووە.
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لە سەر دابەشکردنی مووچە وتی کە ئێمە داهاتەکەی جارانمان نەماوە، داهاتی نەوتمان نەماوە، ئیتر بە چی مووچە دابەش بکەین، پرسیار لە ئێمە مەکەن لە سەر مووچە و دابەشکردنی، لێرە بە دوا پرسیار لە وەزارەتی دارایی عێراق بکەن.
لێدوانەکەی ئاوات شێخ جەناب، دانپێدادانێکی ڕوون و ئاشکرایە لە سەر سیاسەتی شکستخواردووی 10 ساڵی ڕابردووی هەرێم لە ژێر ناوی ئابوری سەربەخۆ و گەیشتنی هەرێمی کوردستان بە نەخشەی جیهانی نەوت.
بەرپرسانی هەرێم 10 ساڵە نەوت دەفرۆشن و یەک دۆلار پاشەکەوتیان نییە و ئێستاش بەغدا پرسیاری قڕوش بە قڕوش لەوان دەکات.
لە پاش 10 ساڵ فرۆشتنی نەوت، ئێستا دەڵێن هەرێمی کوردستان 30 ملیار دۆلار قەرزدارە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا حکومەتی هەرێم نەوتی فرۆشتووە یان نەوتی کڕیوە؟!!
هەندێک دەڵێن کە قسەکانی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم ئاشبەتاڵێکی نوێیە، ئەمە ڕاست نییە، ئاشەکەی هەرێم بەتاڵ نییە و بەس، بەڵکوو هەرێمەکە و خەڵکەکەی بوون بە ژێر باری قەرزی ئاشی بەغدا، کۆمپانیا نەوتییەکان، تورکیا و دەیان وڵاتی دیکە.
ئەوانەی سوودمەند بوون، بەرپرسەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانن، ئەوەش کە باجەکەی دەدات خەڵکی کوردستانە. کێ برسییە؟ کێ پێویستی بە مووچەیە؟ کێ مووچەی بڕاوە؟ کێ خەمی کرێی خانوو و ئاو و کارەبا و کڕینی دەرمان و ڕۆژانەی منداڵ و زەمی ئێوارەیەتی؟
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە ڕوویان هەڵدێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە؟