کارتە سووتاوەکەی دەستی مەسرور بارزانی
نەبەز ڕەفعەت بە ماڵپەڕی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو کە هەرێمی کوردستان بابەتی بەرنەدانەوەی ئاو بەرامبەر بە عێراق بەکار دێنێت وەک فشار و مەرجێک کە ئەگەر بەغدا پابەندی ڕێکەوتنەکانی نەبێت، هەرێمیش ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بێئاو دەکات.
ئەگەرچی وەزارەتی کشتووکاڵ کە لە لایەن یەکێتییەوە بەڕێوە دەبرێت بە زووترین کات شکستی بەو لێدوانە هێنا و ڕەتیکردەوە پلانی لەو شێوەیە تاوتوێ کرابێت بەڵام لە ڕووی یاساییشەوە حکومەتی هەرێم توانای هەنگاوی وەهای نییە و ڕەنگە لە ئەگەری جێبەجێکردنی تووشی هەڵەیەکی قورس بێت کە باجەکەشی بۆی قورستر دەبێت.
ئەم هەڕەشە و پلانەی مەسرور بارزانی لە ڕووی یاساییەوە هیچ مانایەکی نییە و هەرێمی کوردستان ناتوانێت ئاوی ڕووبار و بەنداوەکانی بە ڕووی ناوچەکانی دیکەی عێراقدا بگرێتەوە.
گرتنەوەی ئاوی هەرێمی کوردستان بە ڕووی ناوچەکانی دیکەی عێراق هیچ پاساوێکی نییە لە بەر ئەوەی کە ڕاستەوخۆ بەم کارە دەکەوێتە ناو هەڵەیەکی قورسی یاسایی، ئەویش یاسای ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ئاوی نێودەوڵەتییە لە نێوان وڵاتانی جیهاندا.
هەروەها ئەو ئاوەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەچێتە ناوەڕاست و باشوری عێراق، سەرچاوەکەی لە ناوخۆی هەرێمەوە نییە و لە ئێران و تورکیاوە دێت و بە ئاسانترین شێواز ئەو دوو وڵاتە دەتوانن ئاوەکەش لە هەرێم بگرنەوە، بە واتایەکی دیکە، هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەو ئاوە نییە کە بتوانێت مامەڵەی پێوە بکات و لە ئەگەری هەنگاوی لەو شێوەیە، حکومەتی بەغدا ڕاستەوخۆ لە گەڵ تاران و ئەنکەرە لە دژی هەولێر دەکەوێتە جوڵە.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کە هەر دوو بەنداوە سەرەکییەکەی هەرێم کە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخانە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندان و پێناچێت بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی بە هۆی بوونی پەیوەندییان لە گەڵ بەغدا و لایەنە شێعەکان پەنا بۆ سیاسەتی هەڵەی وەها ببەن.
تەنانەت ئەگەر پارتی و یەکێتیش تەبا بن و ئاوی بەنداوەکان بە ڕووی ناوچەکانی دیکەی عێراقدا بەرنەدەنەوە، ئەوا حکومەتی بەغدا دەتوانێت هێز بەرەو کۆنتڕۆڵکردنی بەنداوەکان بجوڵێنێت.
ئەمە تەنیا بەشێک لەو کێشە و گرفت و ڕێگرییانەیە کە ئاوی کردووەتە کارتە سووتاوەکەی دەستی مەسرور بارزانی لە بەرامبەر بەغدا. ئەوەی کە کاکە حەمە چۆن و بە چ بیرکردنەوەیەک پێشنیاری وەها دەداتە بەرپرسانی هەرێم، دەبێت خۆی وەڵام بداتەوە.