کابینە قەرزارەکەی مەسرور بارزانی

ئەندامێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم نزیکەی 10 ترلیۆن دینار قەرزاری مووچەخۆرانی هەرێمە و نەیتوانیوە هەموو مانگێک مووچە بۆ مووچەخۆران دابین بکات. ئەمەش وەک وەڵامێکە بۆ وتەبێژە درۆزنەکەی حکومەتی هەرێم کە ڕایگەیاندبوو هەموو مانگێک مووچە دابەش کراوە.

سەرکوۆ ئازاد گەڵاڵی ڕایگەیاندووە کە بە درێژایی تەمەنی کابینەکەی مەسرور بارزانی، 7 مووچەی تەواو نەدراوە، هەروەها مووچەی مانگەکانی 6 و 7 ی ئەمساڵیش دابەش نەکراوە کە تێکڕا دەکاتە هەشت ترلیۆن و 100 ملیار دینار.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بە گشتی لە ماوەی ئەم کابینەیەدا 10 مووچە بە لێبڕینەوە دابەشکراوە، 9 مووچە بە لێبڕینی لە سەدا 21 دراوە، هەروەها یەک مووچەش بە لێبڕینی لە سەدا 18 دراوە، کە تێکڕای ئەو پارانەی مووچەخۆران لای حکومەت دەکاتە یەک ترلیۆن و 865 ملیار دینار.

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی ڕایگەیاندووە کە کۆی گشتی قەرزی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە لە ئەستۆی کابینەکەی مەسرور بارزانییە، دەکاتە 9 ترلیۆن و 965 ملیار دینار.