کابینەی نۆ و شکستە گەورەکەی کەرتی کارەبا
ئێستا کارەبای هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو خراپتر بووە و کاتژمێترەکانی پێدانی کەم بووەتەوە و لە هاوین و زستاندا هەندێک کات کارەبا لە 6 کاتژمێر کەمتر بە خەڵک دراوە و هەنگاوەکانی حکومەت بۆ پێدانی کاتژمێری زۆری کارەبا کە زیاتر بانگەشەی میدیایی بووە، شکستی هێناوە.
لە دوای هاتنەسەرکاری کابینەی نۆیەم لە ساڵی 2019 تا ئێستا بڕی بەرهەمی کارەبای نیشتمانی هەزار و 200 مێگاوات کەمیکردووە، ژمارەیەک لە وێستگەکانیش بە هۆی کۆن و داڕزاوبوون و نەبوونی سووتەمەنی پێویست بڕی بەرهەمهێنانیان بەرەو دابەزینی زیاتر دەڕوات و لە داهاتوودا ڕەنگە ئەو ڕێژەیە بۆ هەزار و 700 مێگاوات بەرزتر ببێتەوە و قەیرانی کارەبا زیاتر بەرۆکی خەڵک بگرێتەوە.
شارەزایان باس لەوە دەکەن کە حکومەتەکەی مەسرور بارزانی هیچ چاکسازییەکی لە کەرتی کارەبادا نەکردووە، وێستگەکان و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا کۆن بوون، حکومەت خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە نییە و هاووڵاتیان دەبێت لە چاوەڕوانی قەیرانێکی گەورەتردا بن.