کابینەی نۆیەم چۆن لە خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان شکستی هێنا؟

ئەندامێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە سەرۆکی حکومەت بە جیاوازییەکی زۆرەوە کاری لە ناوچەکانی هەرێم کردووە، بە یەک چاو خزمەتی تەواوی ناوچەکان نەکراوە و ئەم جیاوازییە بە دیاریکراوی لە هەولێر و سلێمانی یان دهۆک و هەڵەبجە دەبینرێت، ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بۆ هەموو ناوچەیەک نەکراوە و سەرۆکی حکومەت ئەو بەڵێنەی نەبردووەتەسەر کە پێشتر بە خەڵکی دابوو.

جیهاد حەسەن ڕایگەیاندووە کە نۆیەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هی هەموو تاکێکی کوردستان نەبووە و تەنانەت لە ناو پارتی دیمۆکراتی کوردستانیشدا کابینەی باڵەکەی مەسرور بارزانی بووە و بەم بۆنەوە نەیویستووە بە بێ جیاوازی خزمەت بکات، ئیرادەی سەرۆکی حکومەت، ئیرادەیەکی حکومەتداری نەبووە و کارنامەکەشی خزمەتکردن بە خەڵک و ناوچەکانی کوردستان نەبووە.

ئاماژەی بەوەشداوە کە مەسرور بارزانی هەوڵی ئەوەی نەداوە کە هەرێمی کوردستان حکومەتێکی هەبێت، حکومەتێکی یەکگرتوو و ناحزبی بێت و لە زاخۆوە تا خانەقین بە بێ جیاوازی خزمەتی خەڵک بکات، بەڵکوو خزمەتی ئەو ناوچانەی کردووە زیاتر لایەنگرییان لە سەرۆکی حکومەت کردووە.

هەروەها ئازاد ئەکرەم سەرۆکی فراکسیۆنی میلەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە حکومەت لە خەمی خزمەتکردنی هاووڵاتیان نەبووە و پرۆژەکان نەک تەنیا کەم کراونەتەوە، بەڵکوو بە بێ جیاوازیش جێبەجێ نەکراون و شارێک وەک سلێمانی کە پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستانە بە ئاشکرا پشتگوێ خراوە.

ڕاشیگەیاندووە کە حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی نەبووەتە حکومەتێکی خزمەتگوزار و لە پێناو ئەو بەڵێنانەی بە هاووڵاتیانی داوە، کاری نەکردووە.