کابینەی نۆیەم لە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی کارەبای نیشتمانی شکستی هێنا
لەبارەی چارەسەری قەیرانی کارەبای نیشتمانی زرنگ ڕەئوف، ئەندازیاری کارەبا بە ئیرادە میدیای ڕاگەیاند: بەرهەمهێنانی کارەبا پێویستی بە دوو ڕێکارە:
یەکەم: پلانی ستراتیژی
دووەم: بودجەی تەرخانکراو کە بەداخەوە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچیانی نییە یان نایەوێت هەیبێت.
ئەوئەندازیارە دەشڵێت: حکومەت نە توانای زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە نەتوانای گواستنەوەی بەشێوەیەکی دروست هەیە، سەرەڕای ئەوەش هیچ کار ئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەران ناکات تا ئەو گرفتەی کە لە 30ی ساڵی ڕابردوودا هەیە چارەسەر بکەن، بۆیە ئەوەی باجی بێپلانی حکومەت دەدات تەنها هاوڵاتییانە.
هاوکات، ئەوەی جێگای ڕەخنەی توند و نیگەرانی هاوڵاتییانە ئەو جیاوازییە زۆرەیە لە پێدانی کار لە نێوان هاوڵاتیانی ئاسایی و بەرپرسانی حیزبی و حکومی، دەڵێن: بەرپرسان خۆیان کارەبای فول تایمی نیشتمانی-یان هەیە و پارەی کارەباش نادەن و حکومەتیش ناتوانێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، ئەوە جگە لەوەی کۆمپانیا گەورەکانی سەر بەلایەنی دەسەڵات ملیاران دینار پارەی کارەبایان لایە و نایدەنەوە بە حکومەت، بەڵام وەزارەتی کارەبا و حکومەت بەردەوام فشار دەخەنە سەر هاوڵاتییان بۆ ئەوەی پارەی کارەبا بدەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەی کارەبای حکومەتی هەرێم، بونیادی ژێرخانی کارەبا حەوت هەزارو 600 مێگاواتە، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتەکە تەنها توانای بەرهەمهێنانی چوارهەزارە 400 بۆ بۆ چوار هەزارو500 مێگاوات کارەبای هەیە ئەوەش لە کاتێکدا خواست و پێداویستی هاوڵاتییان بۆ بەکارهێنای کارەبای نیشتمانی شەش هەزارو 500 مێگاواتە.
بەپێی ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان، 15 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە، کە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەباکە، غاز، گاز، نەوتی ڕەش و کارۆئاوی و وزەی نوێبووەوەیە واتە( بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێگەی تیشکی خۆرەوە)، بەڵام سەرەڕای هەمووئەو سەرچاوانە نەتوانراوە کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێری بۆ هاوڵاتییان دابین بکرێت.
زرنگ ڕەئوف ئاماژەی بەوەشکرد، کێک لە ڕێگە سەردەمییەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا وزەی نوێبوەوەیە (بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر) کە تەواو دۆستی ژینگەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک هەرخۆی توانای بەرهەمهێنانی نییە هیچ هاوکاری و دەستگیرۆییەکی هاوڵاتییانیش ناکات لە دابینکردنی ئەو سەرچاوە دروستەی بەرهەمهێنانی کارەبا.
لەلایەکی دیکەوە، زانکۆ سەردار، کە ڕۆژنامەنووسە و لەهەمان کاتدا چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنییە دەڵێت: حکومەت بە مەبەست گرفتی کارەبای نیشتمانی چارەسەر ناکات، چونکە ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، مووەلیدە ئەهلییەکان بێ کار دەبن کە بەشێکی زۆریان هی بەرپرسانە و ساڵانە ملیاران دیناریان لەڕێگەیەوە دەست دەکەوێت.
🔹لە بەدواداچونێکی وردی دەزگای میدیایی ئیرادەدا، دەرکەوت کە لەئێستادا حەوت هەزارو354 مووەلیدەی ئەهلی ڕۆژانە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن بەجۆرێک:
هەولێر: 3776 مووەلیدە
سلێمانی: 1759 مووەلیدە
دهۆک: 1819مووەلیدە
بەپێی بەدواداچوونەکە داهاتی ساڵانەی مووەلیدە ئەهلییەکان 726 ملیار دینارە.
لەبەدواداچوونەکەی “دەزگایی میدیایی ئیرادە”دا ئەوە دەرکەوت بەشێکی هەرەزۆری ئەومۆلیدە ئەهلییانەی لەکوردستان کاردەکەن لەلایەن بەرپرسانی حیزبی و حکومی خاوەندارێتی دەکرێن و کە هاوکات بازاڕێکی گەورەی ساخکردنەوەی گاز و ڕۆنی مۆلیدەشیان بۆ خۆیان دروست کردوە، بۆیە بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو هەموو داهاتە نابن و کێشەی کارەبای نیشتمانی هەر بەوشێوەیەی ئێستا بەردەوام دەبێت.