ژنان لە هەولێرەوە حکومەتی هەرێم بە گیر و گاز دێنن
لە وەرزی هاویندا دۆخی هەولێر جیاوازترە. دانیشتووانی گەڕەکە هەژارنشینەکان بە درێژایی ئەم چەند مانگە بەردەوام لە ناڕەزایەتی دەربڕین دژی حکومەتە خۆڕاگرەکەی مەسرور بارزانی بوون. بێ ئاوی لە ماڵەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی ژنانەوە هەیە و ئەوان ئەمجارە پێشەنگی شۆڕشێک دەکەن کە لە دژی دەسەڵات سەرەتاکەی لە هەولێرەوە دەستیپێکردووە.
ژنان لە هەولێرەوە حکومەت بە گیر و گاز دێنن و هەموو شەقام و کۆڵانێکی لێ دادەخەن، هاواری ئەمجارەی ژنانی هەولێر دژی بێ ئاوی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانە لە شارەکەیان و دەیانەوێت حکومەت بە چۆکدا بهێنن.
ئێستا ژنانی هەولێر بە شێوەیەک سەرمەشقی شۆڕشی دژ بە دەسەڵاتن و هەر گەڕەک و بەشێکی شارەکە بێ ئاو بێت ئەوان دێنە سەر شەقامەکان و دەست بە خۆپێشاندان دەکەن. ژنان بە توڕەییەکی زۆرەوە ڕایانگەیاندووە کە دەبێت پارەیەکی زۆر بۆ کڕینی ئاوی ڕۆژانە بەکار بێنن، بەم گەرمای هاوینە ئاوی خواردنەوە نییە و دەبێت تا چواری بەیانی چاوەڕێی هاتنی ئاو بکەن کە ئەویش چەند ڕۆژ جارێک دەبێت.
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی ژنان لە هەرێمی کوردستان بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دادەنرێت. ژنان دەیانەوێت ببنە سەرمەشقی شۆڕشێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان و چۆک بە دەسەڵات دابدەن.
دەستپێکردنی ناڕەزایەتی ژنان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شاری هەولێرەوە دەسەڵاتی هەرێم لەق کردووە، چوونکە ژنان نیوەی زیاتری دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێک دێنن و بەڵێنیان داوە کە سزای دەسەڵاتداران بدەن. لە گەڵ ژنانیش گەنجانی دوای ڕاپەڕین بە هەمان شێوە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم توڕەن و چاوەڕوانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەکەن تا بەشداری بەرفراوانیان لە هەڵبژاردنەکان ببێتە سزادانی دەسەڵاتداران.