ژمارەیەک پەرلەمانتار: دەسەڵات سزای ئازادیخوازان دەدات

ژمارەیەک پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە سزادانی دووبارەی شێروان شێروانی ڕاگەێندراوێکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاندووە کە جارێکی دیکە لە بەرگی یاسادا دەسەڵات پەنای بردووەتە سزادانی ئازادیخوازان.

 

12 پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە پێویستە دەسەڵات و لایەنەکانی دەسەڵات لەو ڕاستییە تێبگەن کە خەڵکی کوردستان چۆک بۆ ستەم و چەوسانەوە دانادات و لە بەردەم گەندەڵی و نادادپەروەری و شکستی حکومڕانیدا بێدەنگ نابێت، هەر بۆیە لەبری بیرکردنەوە لە بێدەنگکردن و گرتن و سزادانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و ئازادیخوازان، پێویستە بیر لە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە شێوازی حکومڕانی بکەنەوە کە بووەتە هۆی لاوازکردنی هەرێم و دواخستنی هەڵبژاردن و شێواندنی ناوبانگی هەرێم لە ناوخۆ و دەرەوە و بێ متمانەبوونی دامەزراوەکان.

ئەو پەرلەمانتارانەش بریتین لە: عەلی حەمەساڵح، عومەر گوڵپی، ئەبوبەکر هەڵەدنی، دیاری ئەنوەر، شیرین ئەمین، سەرچنار ئەحمەد محەممەد، هەڵز ئەحمەد، شایان عەسکەری، ئیسماعیل سگیری، ئاشنا عەبدوڵڵا، شێرکۆ جەودەت و دابان محەممەد.