ڕێبەر ئەحمەد دۆخەکە نابینێت؟
ئەوەی لە دۆخی هەرێمی کوردستان بڕوانێت دەزانێت کە وەزیرەکەی کابینەی مەسرور بارزانی تەنیا لە چوارچێوەی بانگەشە بۆ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و بەرگری لە سەرۆکی حکومەت ئەو لێدوانەی داوە.
لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی بێکاری بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و بەم هۆیەوە بژێوی ژیانی خەڵک تووشی گرفتی سەرەکی بووە. بە هەزاران گەنجی کورد لە بەر بێکاری ڕوویان لە هەندەران کردووە و کوردستانیان بە جێهێشتووە.
هەر ئەوەش نییە و بێکاری بووەتە هۆی زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان و دەبینین کە لە هەندێک شوێن وەک تێگزاسی لێهاتووە و رۆژ نییە خەڵک نەکوژرێن و بریندار نەکرێن و دەسدرێژی چەکداری نەکرێتە سەر ماڵ و حاڵی خەڵک و حکومەتیش لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکاندا تەنیا دەستەوەستانە.
گومان لەوەدا نییە کە خەڵک بینەری ڕاستییەکانی هەرێمی کوردستانن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەڵامی ڕێبەر ئەحمەد دەدەنەوە. لە هەرێمی کوردستان هەلی کار و پرۆژە و سەروەت و سامان بۆ بنەماڵەی بارزانی و کەسانی نزیک لەوان زۆرە، بەڵام بۆ خەڵک ئیشی دەستگێڕیی سەر شەقامەکانیش نەماوەتەوە.