ڕیفراندۆم شکستێک بۆ هەمووان

لە ئێستادا بە بۆنەی ساڵیادی ڕیفراندۆمەوە ئاراستەی ڕەخنەکان هەمووی بەرەو پارتی دیمۆکراتی کوردستانە، بەڵام لە ڕاستیدا پرۆسەکە شکستێکە بۆ هەموو ئەوانەی پشتیوانی و بەشدارییان تێدا کرد.

پارتی دیمۆکراتی کوردستان ساڵی 2017 ڕیفراندۆمی کردە پرسێکی نەتەوەیی تا بتوانێت هەست و سۆزی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەرەو خۆی ڕابکێشێت. هەروەها ئەمە بووە بیانوویەک بۆ پارتی کە حیزبەکانی دیکە بکاتە پشتیوانی پرۆسەکە. هەر حیزبێک کە پشتیوانی ڕیفراندۆمی نەدەکرد لای پارتی و میدیاکانی ئەو حیزبە بە خائین و دژی گەل و نیشتمان ناو دەبرا.

لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم تەنیا پارتی و بارزانی بەشدار نەبوون، لە یەکێتی و سۆسیال دیمۆکرات و حیزبەکانی دیکەش بوونیان هەبوو. تەنانەت ڕۆژی ڕیفراندۆم لای ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دەستنیشان کرا. هەر بۆیە پێویستە ئەم حیزبە لە ئێستادا نەبێتە ڕەخنەگری پارتی و خۆیشی کەمێک بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت. یان کەسێکی وەک کاکە حەمەی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیمۆکراتی کوردستان کە هەر ئێستاش بەرگری لە ڕیفراندۆم دەکات و دەڵێت پێویستە هەموو ڕۆژێک یادی بکرێتەوە.

ڕیفراندۆم تەنیا پرۆژەی پارتی و مەسعود بارزانی نەبوو، بەڵکوو پرۆژەی هەموو ئەو لایەنانە بوو کە لە بڕیاردانی پرۆژەکەدا بەشداری و ڕۆڵیان هەبوو.

پرۆژەیەک کە بووە هۆی شکستی سەدە بۆ کورد و بێهیواییەکی زۆر باڵی بە سەر هەرێمی کوردستاندا اکێشا. تا ئێستاش لایەنە بەشداربووەکان بەردەوامن لە سەر هەمان هەڵە و قەد داوای لێبوردنیان لە خەڵک نەکردووە کە بە هۆی بڕیاری ئەوان و ڕیفراندۆمەوە چ نەهامەتییەک ڕووی لە کوردستان کردووە.

لەم ڕۆژانەدا سەیری میدیا و لێدوانی بەرپرسانی حیزبە جیاجیاکان کە دەکەیت هەموو ڕەخنە و گلەیە لە پارتی و بارزانی بە بۆنەی ڕیفراندۆم و ئەو هەلەی کە بە هۆی ڕەتکردنەوەی نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا لە دەستی کورد دەرهێنرا، بەڵام یەکێتی و گۆڕان و سۆسیالیست و زەحمەتکێشان و هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارییان لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا دەکرد لەم شکست و نەهامەتییەدا پشکدار و بەرپرسیارن.