ڕیفراندۆم؛ پرۆسەیەکی بێ ئەنجام

ئەیلولی ساڵی 2017، مەسعود بارزانی لە هەرێمی کوردستان بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیی دەکرد، پارتییەکان لە عێراق جیا دەبوونەوە و بەردەوام باسیان لە تەڵاقدانی ئەم وڵاتە دەکرد، هێڤیدارە گەمژەی پەیامنێری ئەو کاتەی ڕووداو لە سەر شاشەی کەناڵە نەوتییەکە، عێراقی تەڵاق دەدا. پاش شەش ساڵ نەک تەنیا دەوڵەتی کوردی دیار نییە بەڵکوو نیمچە حکومەتەکەی هەرێمیش وا لاواز بووە کە هیچی بە دەستەوە نەماوە.

ڕیفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی لە هەرێمی کوردستان کە هەندێک لە حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان شوێنکەوتووی بوون، وانەیەکە بۆ هەمووان و نابێت کەس لەم پرۆسە بێ ئەنجامەدا خۆی بە پاڵەوان بزانێت.

زۆربەی شارەزایانی کاروباری هەرێمی کوردستان لەو بڕیارەدا بوون کە کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم نەبوو، لە بەر ئەوەی کە بە باشی ئامادەکاریی بۆ نەکرابوو و هیچ دەستەبەرێکی نێودەوڵەتی بۆ کورد لە گەڵدا نەبوو.

لە ڕاستیدا خوێندنەوەکان بۆ ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای ڕاستییەکان نییە و تێڕوانینی حیزبی بە سەریدا زاڵە، تەنانەت ئەو تێڕوانینە بووەتە بنەماڵەیی، هەر ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە دان بەم شکستەدا نانرێت و باس لەوە ناکرێت کە هەرێمی کوردستان نیمچە دەوڵەتێکی هەبووە کە بە هۆی ڕیفراندۆمەوە لە دەستی داوە.

ڕیفراندۆم پێگەی هەرێمی کوردستانی لەبار برد و عێراق بە هۆی ڕیفراندۆمەوە دیسانەوە هێزی بە دەستهێنا. لە کاتی ڕیفراندۆمەدا پارتی و مەسعود بارزانی ئەوەیان باس دەکرد کە دانوستانی داهاتوویان لە گەڵ عێراق بە تەنیا بۆ ئەوەیە کە چۆن ببینە دوو دراوسێی چاک، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە پێچەوانەیە.

ڕیفراندۆم ناکۆکییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی زیاتر کرد، ئەوەش بە دیاریکراوی لە نێوان پارتی و یەکێتی لە ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری کەرکوکدا بوو. یەکێتی پێی وابوو و ئێستاش هەر لەو بڕوایەدایە کە پارتی بە سیاسەتی تورکیا ڕیفراندۆمی بۆ ئەوە کرد کەرکوک لە ژێر دەستی کورد و یەکێتی دەربێنێت. پارتیش یەکێتیی بە خیانەت لە کەرکوک و هۆکاری ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر تۆمەتبار کردووە و هەر ئێستاش وەک کارتێکی بانگەشە لە دژی تاڵەبانییەکان بەکاری دێنێت.

ڕیفراندۆم وایکرد کە پێگەی بەغدا لە بەرامبەر هەرێم بەهێز بێت و کورد هیچ کارتێکی فشاری بە دەستەوە نەبێت کە بتوانێت ئەوەی وەک ماف داوای دەکات مسۆگەری بکات. بە پێچەوانەوە دەبینین کە شاندی حکومەتی هەرێم 20 جار سەردانی بەغدا دەکات تا بەڵکوو بتوانێت بڕە پارەیەک وەک قەرز بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەربگرێت.

هەر ڕیفراندۆم بوو کە نەوتەکەی لە دەستی کورد سەندەوە و ئێستا کورد هیچی نەماوە کە بتوانێت باس لە پاشەڕۆژی خۆی بکات. نە ئابوری، نە سوپا و نە دیپلۆماسی. هەرێمی کوردستان بە هۆی ڕیفراندۆمەوە بە قەبارەی پارێزگایەکی عێراقیش مامەڵەی لە گەڵدا ناکرێت.