ڕۆژی جیهانی گەنجان و دۆخی گەنجانی کوردستان

12 ی ئاب لە سەر ئاستی جیهان بە ڕۆژی گەنجان دادەنرێت و ساڵانە لەم بۆنەیەدا لە سەرتاسەری جیهان ڕێوڕەسمی جیاجیا بەڕێوە دەچێت.

ڕۆژی جیهانی گەنجان لە کاتێکدا بەرز ڕادەگیرێت کە گەنجانی کوردستان لەوپەڕی نەهامەتیدا دەژین و دەسەڵاتیش لە بەرامبەر کێشە و گرفتەکانی ئەوان کەمتەرخەمە.

لە کوردستان چینی گەنج ڕوبەڕوی دەیان کێشە و گرفت بووەتەوە. بێکاری لە نێو گەنجانی کوردستان تەنانەت چینی خوێندەوار و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان پەرەی سەندووە و حکومەت هیچ هەوڵێکی بۆ دامەزراندنی ئەوان نییە.

هەژاری بە هەمان شێوە ڕووی لە گەنجانی کوردستان کردووە. گەنجان بۆ دەستخستنی بژێوی ژیان ڕوبەڕوی ژیانێکی دژوار بوونەتەوە.

گەنجانی کوردستان بە هۆی بێکاری و نەبوونی داهات، خۆیان لە هاوسەرگیری بە دوور دەگرن.

ئەوان هیچ هیوایەکیان بە داهاتوو نەماوە و پۆل پۆل گەنجی کورد بە ناچار ڕوو لە هەندەران دەکات و ساڵانە ژمارەیەک لەوان لە ئاوەکانی ئەورووپادا گیان لە دەست دەدەن و هەندێک جاریش تەرمەکانیان نادۆزرێتەوە تا ڕادەستی بنەماڵەکانیان بکرێت.

ئەو گەنجانەی کوردیش کە وەک پەناخواز ڕوویان لە وڵاتانی ئەورووپی کردووە، بە هەمان شێوە لە بارودۆخێکی نالەباردا دەژین و ژیانی ناچاریی ئەورووپا نەیتوانیوە ئەوان بەختەوەر بکات. بە واتایەکی دیکە گەنجانی کورد لەم لا و لەو لا بێبەش بوون.

لە بەر بێکاری و نەبوونی بژێوی ژیان، دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان پەرەیان سەندووە. ڕۆژ نییە کە هەواڵی کوشتن و تەقەکردن لە کوردستان بڵاو نەبێتەوە. ڕووداوی وەک کوژرانی سێ ئەندامی خێزانەکەی پیرەمەگرون و دەیان نموونەی دیکە کە ئەگەر لێکدانەوەیان بۆ بکرێت زۆربەیان بنەڕەتیان بۆ بوونی کێشەی بێکاری و لێکەوتەکانی دەگەڕێتەوە.

دۆخی نالەباری ژیان و گوزەران و بێهیوایی گەنجانی کوردستان لە کاتێکدایە کە کوڕان و گەنجانی بنەماڵەی دەسەڵاتدار لەوپەڕی ئاسوودەییدا دەژین و خاوەنی ژیانێکی شاهانەن.

جیاوازیی نێوان گەنجانی بەش مەینەتی کوردستان و منداڵان و گەنجانی بنەماڵەی دەسەڵاتدار لە چیدایە کە گیانی گەنجی کورد بووەتە قوربانی و ئەوان بە سەر بودجە و داهاتی ئەم کوردستانەوە شاهانە دەژین؟

گەنجی کورد نابێت ڕێگەی هەندەران بگرێتەبەر، ئەوان دەبێت لە کوردستاندا بمێننەوە، کوردستان مافی ئەوانە و دەبێت بە گۆڕانکاری ڕیشەیی بە مافەکانی خۆیان بگەن، ئەوانەی دەبێت بڕۆن، ئەوانەن کە خۆیان کردووەتە خاوەنی کوردستان و لە ئیمارات و ئەورووپا و ئەمریکا بە پارەی کوردستان بوونەتە خاوەنی موڵک و ماڵ و ڤێلا و کارگە و حسێبی بانکی. گەنجی کورد دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا گۆڕانکاری بخوڵقێنێت، ئەوان دەتوانن بە دەنگەکانیان کۆتایی دەسەڵاتی بنەماڵە لە هەرێمی کوردستان ڕابگەێنن.