چەواشەکاریی دژە تیرۆرەکەی پارتی

دەزگای دژە تیرۆری پارتی کە خۆی وەک هێزی دژە تیرۆری کوردستان دەناسێنێت، ماوەیەکە بە هەواڵ و بڵاوکراوەکانی هەوڵی چەواشەکردنی خەڵک و ڕای گشتی کوردستان دەدات.

ئەم هێزە کە وەک دامودەزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هیچی لە نیشتمانی ناچێت بووەتە بەکرێگیراوی وڵاتانی دەرەکی. دژە تیرۆرەکەی پارتی لە یەک کاتدا جێبەجێکاری ئەجێنداری دوو لایەنە و لە ڕاستیدا پارە وەردەگرێت کە خزمەت بەوان بکات.

یەکەم:

دژە تیرۆرەکەی پارتی لە دژی پەکەکە بووەتە ئامرازی دەستی حکومەتی تورکیا. بە پێدانی زانیاری و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ لە دژی گەریلاکانی پەکەکە خزمەت بە ئەنکەرە، میت و سوپای ئەو وڵاتە دەکات. لە هەر هەواڵێکی دژە تیرۆری پارتیدا دەبینین کە درۆنێک لە ئۆتۆمبێلێکی داوە و چەندین گەریلا و سەرکردەی پەکەکەی تێدا کوژراوە. بڵاوکراوەکانی دژە تیرۆری پارتی هێندە زوو بڵاو دەکرێنەوە کە زووتر لە کوژانەوەی ئاگری هێرشی درۆنییەکانی تورکیان و ئەو ڕاستییەی لای خەڵک سەلماندووە کە پێشتر لە هێرشەکان ئاگادارە و زانیارییەکان هەر خۆی بە میت و سوپای تورکیای داوە. لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانیشدا ئەوەندە درۆی تێدایە کە ئاشکرایە چۆن دەیەوێت شەڕی دەروونی لە دژی پەکەکە و کورد بکات.

دووەم:

دژە تیرۆرەکەی پارتی کە پارە لە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا وەردەگرێت بەم هەموو هێرشە ئاشکرایەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر بنکەی سەربازییەکانی وەک هەریر و فڕۆکەخانەی هەولێر، دیسانەوە هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی دەدات. هێرشەکان دەکرێن و خەڵک وێنە و زانیارییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەنەوە، کەچی دژە تیرۆرەکەی پارتی ڕەتیدەکاتەوە هیچ هێرشێک کرابێتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.

ئەمە ئەو هێزەیە کە بانگەشەی نیشتمانیبوون و کوردستانیبوونی بۆ دەکرێت. لە خزمەتکردنی تورکیا و ئەمریکادا ڕوونە کە ئایا ئەم هێزە نیشتمانییە یان بووەتە ئامرازێکی سیخوڕی و خزمەت بە ئەجێندای وڵاتانی دیکە بۆ پارە کۆکردنەوەی بنەماڵەی بارزانی و پارتی.