چەند پرسیارێکی سادە لە ئاری هەرسین

ئاری هەرسین کە خۆی وەک سیاسەتمەدار دەناسێنێت، بە هۆی نەبوونی تێڕوانین و سیاسەتێکی هەمیشەیی و گۆڕانە بەردەوامەکانیەوە گەورەترین ڕەخنەی لە سەرە.

ئەو لە نووسینێکدا بە ناوی شەڕی مان و نەمان باسی ئێران و بە ناو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی کردووە.

ئێران وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە. نەک تەنیا ئێران هەر وڵاتێکی بچووکیش پاراستنی سنورەکان و ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بە گرنگ دەزانێت. بۆ ئەمە بۆ ئێران عەیبەیە؟

بۆ پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە هەولێر و دهۆک تەنانەت خەڵکی بە بۆنەی یەک کۆمێنت و هەڵوێستەوە ساڵانێکە خستووەتە کونجی زیندانەوە بەڵام ئەگەر ئێران تێکدەرێک دادگایی و زیندانی بکات عەیبەیە؟

جیاوازی نێوان پەکەکە و کۆمەڵە و دیمۆکرات چییە؟ ئەی پەکەکە کورد نییە و خەبات بۆ کورد ناکات؟ بۆ لە ڕوانکەی ئاری هەرسین و حیزبەکەیەوە بە تیرۆریست ناو دەبرێن؟ پەکەکە لە بەر ئەوەی کە دژی پارتی و بنەماڵەی بارزانییە، لای پارتی بە تیرۆریست دادەنرێت و بە هەموو شێوازێک ئاسانکاری و هاوکاری تورکیا کراوە کە بە دەیان کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و پەکەکە لە ناو ببات. شەو و ڕۆژ تورکیا بە هێزی سەربازی و درۆن و فڕۆکە بۆردومانی هەرێمی کوردستان دەکات و بەرپرسانی پارتی و تەنانەت ئاری هەرسین نقەیان لێنایەت بەڵام گەر ئێران درۆنێک بەکار دێنێت گڕیان تێبەردەبێت و دەڵێی دونیا بە کۆتایی گەیشتووە.

ئایا نیمچە حکومەتەکەی پارتی ئەوە قبووڵ دەکات کە گرووپێکی چەکدار لەم خەڵکە بەش مەینەتەی کوردستان و لە خەڵکە ماف خوراو و مووچەبڕاوەکەی دژایەتی بکەن؟ ئەی بۆ ئەو مافە بە ئێران نادرێت؟

ئاری هەرسین ڕەخنەشی لە فۆئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق گرتووە، تەنیا بە هۆی ئەوەی کە لە تاران کۆمەڵە و دیمۆکراتی بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو نەبردووە.

ئەو دەڵێت کە فۆئاد حسێن نوێنەری کورد نییە و وەزیری دەرەوەی عێراقە. ئەی کێ هەیە نەزانێت کاکە فۆئاد برا دەستە ڕاستەکەی مەسعود بارزانی و متمانەپێکراوی ناوبراوە لە بەغدا و بە نوێنەری ماڵی بارزانی لە حکومەتی عێراق دادەنرێت.

ئاری هەرسین دەبێت ئەوەش بزانێت کە کۆمەڵە و دیمۆکرات و ئەو تاقمەی حسێن یەزدانپەناش سەرئێشە نەبێت هیچیان بۆ هەرێمی کوردستان نییە. بۆ دژایەتی پەکەکە دەکەیت و پشتیوانی لەم گرووپانە؟ نووسەر و سیاسەتمەدار و مرۆڤ بە ویژدانەوە دەناسرێت نەک ئەوەی کە بۆ بەرژەوەندی پارتی و دڵخۆشکردنی ماڵی بارزانی، ئیشت تەنیا بادانەوەی خۆت بێت.