چیرۆکی کۆبوونەوە بێ ئەنجامەکانی پارتی و یەکێتی

لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا زۆربەی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا – مەکتەبی سیاسی – هیچ ئەنجامێکی بە دواوە نەبووە و ئاڵۆزی و ناکۆکییەکان بەردەوام ڕوویان لە پەرەسەندن بووە.

لەم ساڵانەدا کە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر بووە و کوردستان بەرەو لێواری دووئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ ڕۆیشتووە و لە سەر ئەو ناکۆکییەش مووچە و بودجە و قوتی خەڵکی کوردستان لە بەغدا کرایە قوربانی ئەو ململانێ و بەرژەوەندیخوازییەی ئەوان، زۆر جار کۆبوونەوە لە نێوان ئەم دوو لایەنە دەسەڵاتدارەدا کراوە کە هیچ ئەنجام و لێکەوتەیەکی ئەرێنیی بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە.

پارتی و یەکێتی پێش کۆبوونەوەیان، مەکینەی ڕاگەیاندنەکانیان دەخەنە ئیش و بانگەشەی بۆ دەکەن و وا بە خەڵک دەڵێن کە کۆبوونەوەکان بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و گەیشتن بە یەکگرتوویی کوردە و درووشمی دیکە کە خەڵک بۆیان ڕوون بووەتەوە هەمووی درۆیە و کۆبوونەوەکان تەنیا بۆ تاوتوێکردن و یەکلاییکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە.

دوو ڕۆژ پێش جەژنی قوربان، مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەدا بڕیاردرا کە پاش پشووەکانی جەژن کۆبوونەوەی دیکە بکرێت، بەڵام بە هۆی بێ دەرەنجامی کۆبوونەوەکان مەکتەبی سیاسی هەر دوو لا پێیان باش نەبووە کۆبوونەوەی نوێ بکرێت.

لە کۆبوونەوەکەی پێش جەژنی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، هیچ بابەتێکی ئەوتۆ تاوتوێ نەکرا و کۆبوونەوەکە بووە شوێنی ئاڵوگۆڕی گلە و دەردە دڵی یەکتر و هیچ هەنگاوێکی گرنگ بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان هەڵنەگیرا و ئەم هەموو بانگەشەی ڕاگەیاندن و چاوەڕوانی خەڵکەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستان، تەنیا ئەنجامەکەی ئەوە بووە کە قسە و دەردەدڵ و گلە ئاڵوگۆڕ بکەن.

پارتی و یەکێتی هێندە گرنگییان بە کۆبوونەوەکە نەداوە کە تەنانەت لە سەر بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش نەگەیشتنە ڕێکەوتن و یەکێتیش ڕایگەیاندووە شاندەکەی پارتی دەسەڵاتی بڕیاردانی نەبووە و بڕیارەکانی ئەو حیزبە لە ئێستادا لای سەرۆکی حکومەتە.