چیرۆکی سەرکردەکانی شاخ و کاری بەدڕەوشتی

هەندێک لە پێشمەرگە و سەرکردەکانی شۆڕشی کورد بە دوور لە هەر بەهایەکی مرۆیی و ئەخلاقی سێکسیان لە گەڵ ژنانی گوندەکاندا دەکرد و ئەوانیان ناچار دەکرد بکەونە ژێر چەپۆکی حەز و خواستی سێکسی ئەوانەوە و کاری بەدڕەوشتی و ناشەرعییان لە گەڵدا بکەن.

سەرکردەکانی شاخ هەندێک جاریش بۆ ناچارکردنی ئەو ژنانە هەڕەشەی کوشتنی مێردەکانیان دەکرد.

جومعە کانی لەلەیی لە کتێبی کورەی شۆڕش کێی سووتاند؟ باسی دیاردەی ئەو کاتەی شۆڕشی کوردی کردووە.

چیرۆکی گێچەڵ و دەسدرێژی سێکسی هەندێک لە فەرماندە و پێشمەرگە و سەرکردەکانی شاخ بە گشتی، بەشێکە لەو نەهامەتییانەی بە دەست حیزبە کوردییەکانەوە بەرۆکی خەڵکی بەش مەینەتی دەگرتەوە، وەک چۆن کە ئێستاش دەسەڵآتی کوردی جگە لە قەیران و نەهامەتی شتی دیکەی بۆ کورد نییە.

نووسەر لە کتێبەکەیدا کە کۆمەڵە بیرەوەرییەک لە خۆ دەگرێت، ڕایگەیاندووە کە هەندێک فەرماندە و پێشمەرگەی لاسار، بێ ئەوەی کە بیر لەوە بکەنەوە کە بەو کارەیان ناوبانگی شۆڕش و کەسێتی خێزانەکان لەکەدار دەکەن، چاویان دەبڕییە ژنانی ئەو خێزانانەی کە شەو و ڕۆژ خزمەتی پێشمەرگەیان دەکرد و ناچاریان دەکردن کە بکەونە ژێر ویست و خواست و ئارەزووکانیانەوە.

لە میانەی ئەو هەڵسووکەوتە نەشیاوانەی هەندێک لە پێشمەرگە و فەرماندەکانی شۆڕشی کوردی، جومعە کانی لەلەیی باس لە ڕووداوێک دەکات کە ساڵی 1986 ڕوویداوە. بە گێڕانەوەی ناوبراو، فەرماندەیەکی پێشمەرگە هەڕەشەی لە ژنی یەکێک لە ماڵەکانی گوندێک کردووە کە ئەگەر ئامادە نەبێت لە گەڵیدا ڕێکبکەوێت بۆ کاری ناشەرعی، ئەوا مێردەکەی دەکوژێت.

نووسەر لە لاپەڕەی 30 ی کتێبەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ساڵی 1986 یەکێک لە فەرماندەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستان زۆر هاتووچۆی ماڵێکی دەکرد بۆ نان خواردن و پشوودان، لە ئەنجامی ئەوەشدا فەرماندەکە چاو دەبڕێتە سەر ژنی ماڵەکە و داوای لێدەکات لە گەڵیدا ڕێکبکەوێت بەڵام ژنەکە ئەوەی ڕەتکردووەتەوە. هەوڵەکانی ئەو کەسە بۆ ڕازیکردنی ژنەکە بێ ئەنجام بووە و دوا جار بۆ ڕازیکردنی ژنەکە، هەڕەشەی کوشتنی مێردەکەی دەکات بەڵام ژنەکە هەر ئامادە نەبووە خۆی بە دەستەوە بدات.

ژنەکە دواتر بۆ پاراستنی خۆی چیرۆکەکەی بۆ هاوسەرەکەی گێڕاوەتەوە و بە ناچاری موڵک و ماڵی خۆیان لەو گوندەدا بە جێهێشت و هەڵهاتن بۆ شار و تەنانەت لەوێش فەرماندەکەی وازی لێیان نەهێنا و نامەی هەڕەشەی بۆ دەناردن تا پیاوەکە هیچ چارەی بۆ نەما و لە ڕقی ئەو فەرماندەی پێشمەرگە بوو بە جاش.

یەک ساڵ دوای ئەوەی ئەو پیاوەی بە دڵ و بە گیان خزمەتی هێزی پێشمەرگەی دەکرد و دواتر لە بۆسەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەدا کوژرا و شەش منداڵی هەتیوی لە دوای خۆی بە جێهێشت.

جومعە کانی لەلەیی ڕایگەیاندووە کە فەرماندەی پێشمەرگە هەبووە باسی ئەوەیکردووە کە لە هەر ناوچەیەکدا ژنێکی هەیە.

هاوسەرگیری زۆرەملە یەکێکی دیکە لەو دیاردانەیە کە نووسەری کتێبەکە باسی کردووە و ڕایگەیاندووە کە جارێک پێشمەرگەیەکی 32 ساڵە داوای کچێکی 15 ساڵەی دەرکرد کە کچ و دایک و باوکی ڕازی نەبوون بەڵام هەڕەشە و چاوسورکردنەوە هەموویانی ناچار کرد بەو هاوسەرگیرییە ڕازی بن.