چۆن گەنجانی کورد دەبنە قوربانی سیاسەتەکانی پارتی؟

ئاڵۆزییەکانی کەرکوک کە لە ئاکامی پرۆژەی بەرژەوەندیخوازانەی پارتی و بە هاندانی ئەو حیزبە بووە، لە ئاکامدا بە کوژرانی 4 گەنجی کورد و برینداربوونی 15 ی دیکە کۆتایی هات. لە ڕاستیدا ئەو 4 کەسە ڕاستەوخۆ بە دەستی پارتی کوژراون.

پێکهاتەکانی کەرکوک دژی گەڕانەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستانن بۆ ئەم شارە. ئەوان دەڵێن کە تاوانەکانی پارتی لە ساڵانی 2003 تا 2017 بە تایبەت لە 2014 تا ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، وایکردووە کە بە هیچ شێوازێک ڕێگە نەدرێت ئەو حیزبە بارەگاکان وەربگرێتەوە و بۆ کەرکوک بگەڕێتەوە.

عەرەب و تورکمانەکان بە ڕاشکاوانە پەیامی خۆیان گەیاندووەتە لایەنە سیاسییەکانی عێراق. تەنانەت لایەنە کوردییەکانیش وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ دژی گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکوک.

پارتی کەرکوکی ناوێت و هەوڵەکانی لە پێناو ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ئەم شارەیە بۆ ئەوەی کە حیزبێکی وەک یەکێتی دەسکەوتی نەبێت و ئەمەش لە دژی بەکار بێنێت.

تەنانەت ڕیفراندۆمەکەی پارتی و ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 وەک نەخشە و پلانێکی لەپێش ئامادەکراوی پارتی بۆ دەرهێنانی کەرکوک لە دەستی یەکێتی بووە.

پارتی بۆ ڕاکێشانی سۆزی کوردانی کەرکوک، بابەتی خۆپێشاندانانی عەرەب و تورکمانەکانی لە دژی گەڕانەوەی خۆی کردە بابەتێکی نیشتمانی و بە هەوڵێکی میدیایی ئەوەی بە سەر خەڵکدا سەپاند تا لە ئاکامدا بەشێک لە کوردانی کەرکوکی هێنایە سەر شەقامەکان و بووە هۆی کوژرانی 4 گەنجی کورد و برینداربوونی 15 ی دیکە.

ئەمەیە سیاسەتی پارتی کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، خوێنی ڕۆڵەکانی کورد دەکاتە قوربانی، با منداڵەکانی بارزانییەکانیش لە سویسرا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکە سەرقاڵی گەشتکردن و ڕابواردن لە گەڵ کچە مۆدێلەکان بن و گەنجی لێقەوماو و شوێنکەوتووی پارتی و میدیاکانی ئەو حیزبەش بە ئاسانی و بە بێ هیچ هۆکارێک ببنە قوربانی.