چۆن مەسعود پارەیان بۆ بارزانی ناردەوە؟

مەسعود حەیدەر کە لە هەرێمی کوردستان بە مەسعود پارە و مەسعود کۆیلە ناسراوە، لە لایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە کرایە بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بەڵام تەیف سامی لە پۆستەکەی دووریخستەوە.

مەسعود حەیدەر ناوێکی ئاشنایە بۆ هەمووان، چونکە هەر ڕۆژ لە سەر پەتێک بووە. ڕۆژێک گۆڕان و ڕۆژێک وتی بێلایەنم و ڕۆژی دواتر دەرکەوت بووەتە پارتی.

لە نزیکایەتی نەوشیروان مستەفاوە دەستیپێکرد، دواتر بووە پیاوی متمانەپێکراوی مەسعود بارزانی و مەسروری کوڕی.

مەسعود حەیدەر لەدایکبووی ساڵی 1970 ی شاری کەلارە و خاوەن ماستەرە لە ئەندازیاریدا. خۆری بەختی ئەو کاتە بوو کە چووە ناو گۆڕان و خۆی لە نەوشیروان مستەفاوە نزیک کردەوە. دوای دوو جار هەوڵدان توانی ساڵی 2014 ببێتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەڵام زۆر خۆی نەگرت و ساڵی 2017 لە بزوتنەوەی گۆڕان جیابووە و وتی سەربەخۆم. هەمووی چەند مانگێکی خایاند و خۆی کردە پارتییەکی عەیار 24.

مەسعود حەیدەر ساڵی 2018 بووە ڕاوێژکاری مەسرور بارزانی و ئێستاش ڕاوێژکاری مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە. مەسعود بارزانی ناردییە بەغدا و پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراقی پێدرا بەڵام نووسراوی دوورخستنەوەی لە لایەن وەزیری داراییەوە واژۆ کرا.

مەسعود حەیدەر بەوە ناسراوە کە هەر کات هەرچی بڵێت پێچەوانەکەی دەردەچێت. سەردەمی ڕیفراندۆم وتی ئەو پرۆسەیە هەرێم دەکاتە دەوڵەت و بای بای لە عێراق دەکات بەڵام دەرەنجامەکەی بە تەواوی پێچەوانە بوو.

ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە بەغدا هەموو مانگێک 700 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەکات بەڵام دەرکەوت کە حکومەتی عێراق ئامادە نییە هەنگاوی وەه بنێت. دەیوت هەرێم هیچ کات و بە هیچ بیانوویەک ئامادەی ڕادەستکردنی نەوت نییە بەڵام لە شەو و ڕۆژێکدا هەموو شتێک کۆتایی هات ماوەیەکی زۆریشە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە. دەیوت بەغدا بە پێی دەستوور ناتوانێت ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت بەڵام ئێستا بەغدا دەڵێت کە بە پێی دەستوور ئامادەیە ئەو کارە بکات.

تەنانەت مەسعود حەیدەر لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە دوورخراوەتەوە و پێشتر شێرکۆ حەیدەری برای لە سەر ئەو ڕایگەیاندووە کە بە هۆی مەسعودەوە سووکایەتی بە بنەماڵەکەیانەوە دەکرێت و هیوای ئەوەی خواستووە کە خۆزگە ئەو ڕۆژە نەهاتبایە کە ئەوی تێدا لەدایکبووە.