چاوەڕوانی حکومڕانی ئارین شا بن

مەسرور بارزانی وردە وردە ئارینی کوڕی بۆ حکومڕانی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکات. ئەمەش لە هەڵسووکەوت و گەڕان و سەردانەکانی ئارین مەسرور بارزانیدا بە تەواوی ڕوون بووەتەوە.

ژیانە شاهانەکەی ئارین مەسرور بارزانی خەڵکی کوردستانی توڕە و بێهیوا کردووە. ناوبراو حەزی لە ئەسپ سوارییە و خاوەنی چەندین ئەسپی گرانبەهایە، ڕۆژێک بە بەهاترین ئەسپ ڕادەکێشێت، ڕۆژێک گرانبەهاترین ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، بۆ بێتاقەتی نانی نیوەڕۆ دەباتە سویسرا.

ئارین، شا داهاتووەکەی کوردستان، وەک سیاسییەک لە ئیمارات خۆی دەردەخات، ڕۆژێکیش دەبێتە ژینگە دۆست و هاوڕێی ئاژەڵان.

کوڕە گەورەکەی مەسرور بارزانی لەو کاتەوە باوکی بووەتە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەی جیاواز دەردەکەوێت. ئارین مەسرور بارزانی بۆ پۆستی باڵا ئامادە دەکرێت، لە جێی وەزیرەکان لە سەردانەکاندا یاوەری باوکی دەکات، لە دیدارە فەرمییەکاندا قسە دەکات.

ئارین مەسرور بارزانی خاوەنی کەناڵی تەلەفزیۆنییە، بەم نزیکانەش کەناڵێکی گەورەی دیکە دەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە کەناڵەکانی باوکی لە خزمەتیدایە، چەندین ڕۆژنامەنووس لە دەوریدان و کار بۆ گەورەکردنی دەکەن، زۆرترین دەرکەوتنەکانی لە گەڵ شازادەکانی کەنداوە، دۆستە نزیکەکانی لە وڵاتی ئیماراتن، لە کاتێکدا خەڵکی ئەو وڵاتانە لە خۆشگوزەرانییەکی تەواودان، کەچی لە کوردستانی ئارین، خەڵک هەواڵە گرنگەکەیان بووەتە هاتن و دابەشکردنی مووچە و منداڵانی هەرێمەکەی لە سەر شەقامەکان لە گەرمای هاوین و لە سەرمای زستان بە دوای دۆزینەوەی پارویەک نانەوەن، هاوتەمەنەکانیشی بە دوای ئەوەدا دەگەڕێن هەلێکی کارکردن بدۆزنەوە.

ئارین وا خۆی دەردەخات کە کەسێکی بەهرەمەندە و لە هەموو شتێک دەزانێت، وەک ئەسپسوارێکی شارەزا نمایش دەکات، وێنەکانی خۆی و باوکی بڵاو دەکاتەوە، ئەم هەڵسووکەوتانەی ئارین وەک هەڵسووکەوتی شازادەکانی وڵاتانی عەرەبییە و چاوی لەوەیە وەک باوکی بە میرات دەسەڵاتی بۆ بمێنێتەوە.

ژیانە شاهانەکەی ئارین و شازادەکانی دیکەی کوردستان لە کاتێکدایە کە خەڵک لەوپەڕی نەهامەتیدا دەژین، قەیرانێک چووەتە ماڵی هەموو خێزانێت، لە کاتێکدا کە ئارین بە پاسپۆرتی دیپلۆماسی لە گەڵ شازادەکانی ئیمارات بۆ نان خواردنێک دەچێتە سویسرا.

حیزبەکانی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان بە تایبەت پارتی باس لە دیمۆکراسی و ئازادی دەکەن، کەچی حکومڕانییەکەیان بووەتە پاشایەتی و نەوە لە دوای نەوە ئەوان حوکمی کوردستان دەکەن. مەسرور بارزانی لە باوکی بۆی ماوەتەوە و مەسرور بارزانیش لە ساڵانی داهاتوودا ئارین دەکاتە دەسەڵاتدارێکی نوێی ئەم کوردستانە. با خەڵکیش هەر لە نەهامەتیدا بن و چینی نوخبە و لێهاتووی کوردیش با هەر لە پەراوێزدا بێت.