پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوە

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییەکانی حیزبەکەی و پارتی لەم وەزارەتە پچڕاوە و یاسا و ڕێساکان پێشێل دەکرێن. ئەمەش بە واتای گەڕانەوەی دوو ئیدارەییە کە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستیپێکردووە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە زۆر خەراپە و پچڕاوە و کاری پێکەوەیی نەماوە و یاسا و ڕێساکان پێشێل دەکرێن.

بەختیار محەمەد ڕایگەیاندووە کە لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕێز و حورمەت لە نێوان یەکێتی و پارتی نەماوە و وزەعەکە زۆر خەراپە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کەمکردنەوەی پشکی یەکێتی، کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی هەر دوو حیزب و هەروەها هێزەکانی 70 و 80 دەبێت.

بەختیار محەمەد وتی کە بڕیارەکەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وەک بۆمب وایە و متمانە ناهێڵێت.