پەیامە تایبەتەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ مەسرور بارزانی

بۆ بەشداری لە پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی بانگهێشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی نەکرد و لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم گەیشتە سلێمانی و بە گەرمیش پێشوازی لێکرا.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ بەشداری لە پێنجەمین کۆنگرەی حیزبەکەی، بانگهێشتی هەر یەک لە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانیی نەکرد و ئەوەی سەلماند کە کێشەکانی یەکێتی و پارتی زیاتر کێشەیە لە گەڵ باڵی ماڵی مەسعود بارزانی و کێشەیەکی ئەوتۆی لە گەڵ نێچیرڤان بارزانی نییە.

ئەو پێشەوازییە گەرمە کە لە نێچیرڤان بارزانی کرا دیسانەوە ئەوەی سەلماند کە یەکێتی لە هاوکێشەکانی داهاتووی ناوخۆیی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، پاڵپشتی لە باڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات و ئەوەشی دووپات کردووەتەوە کە یەکێتی و باڵەکەی نێچیرڤان بارزانی باشتر دەتوانن بگەنە ڕێکەوتن و ئەو کێشە و قەیرانانەش کە لە ئەنجامی ململانێی یەکێتی و باڵەکەی مەسرور بارزانیدا بینراوە، دووبارە نابێتەوە.

بافڵ تاڵەبانی بە بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە یەکێتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە هێندە خوازیاری بەردەوامی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نین و دەیانەوێت باڵی میانەڕۆی پارتی بە سەر باڵە توندڕەوەکەی مەسرور بارزانیدا زاڵ بێت.

سەرۆکی یەکێتی بە هێنانی بەشێک لە سەرکردە شێعەکان بۆ سلێمانی ناڕاستەوخۆ پەیامی ئەوەی گەیاند کە دەتوانێت لە گەڵ نێچیرڤان بارزانی کە لای شێعەکان پەسەندکراوە، نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بکەن و زمانی زبر و هەڕەشە و مووچە بڕین و پابەندنەبوون بە بەڵێنەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا نەمێنێت.

ئەوەی بافڵ تاڵەبانی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیدا کردی، پەیامی زۆری تێدا حەشار دراوە کە بە تێپەڕبوونی کات بەرە بەرە بۆ خەڵک و لایەنە سیاسییەکان ئاشکرا دەبێت.