پەیامێکی ڕوون لە ئەدهەم بارزانییەوە

ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی رایدەگەیەنێت، دو ساڵ لەمەوبەر رێگەی نەدرا بگەڕێتەوە زێدی خۆی و لەخانەوادەكەی دابڕێندرا و دەربەدەر كرا و دەشڵێت، "لەبەرامبەر ئەم سوكایەتی و یاساشكێنییەی بەرامبەرم كراوە بێدەنگ نابم و ڕو دەكەمە دادگا بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتكراوەكانم".

ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی لە نامەیەكدا كە ئاڕاستەی رایگشتی عێراق و كوردستان، نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتوەكان، باڵیۆزخانە و كونسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتانی لە هەرێم و عێراق، دەزگایی باڵای دادوەری عێراق كردوە رایگەیاندوە، “لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، لە 5ی (حوزەیران/6)ی 2022، دو ساڵ پێش ئێستا بەفەرمانێكی خودی سەرۆكی پارتی، بە پێچەوانەی یاساكانی كوردستان و دەستوری عێراق، لەڕێگەی هێزەوە ڕێگەیان نەدا بگەڕێمەوە بۆ زێدی خۆم و ناو ماڵ و مناڵەكانم، ئەم بڕیارە نادەستوری و نادادپەروەرییە تا ئەمڕۆ بەردەوامە كە سبەینێ دەچێتە سێهەم ساڵەوە”.

ئەدهەم بارزانی دەشڵێت، “ئاشكرایە ئەم گوشارە بۆ وەدەرنانم لەزێدی خۆم پێچەوانەی دەستوری هەمیشەیی عێراق و زەوتكردنی مافی هاوڵاتی بونە، بەبێ بونی هیچ پاساوێكی ڕاگەیەنراوی دیاریكراو، خۆ ئەگەر دەوترێت ئەم یاسا شكێنییە هۆكاری ئەوە بو كە چەند هەڵوێستێكی جیاوازم لە وان نیشانمداوە، ئەوە وەك هەر هاوڵاتیەكی ئەم وڵاتە بە مافی خۆمی دەزانم كە جیاواز بیربكەمەوە كە ئەمە یاساشكێنی نیە، نەك بەم شێوەیەیی ئێستا وەك ئاكاری تاكڕەوی مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیەكدا بكرێت بەبیانوی بیركردنەوەی جیاوازەوە”.

ئاماژەی بەوەشكردوە، “هەڵویستی من دەربارەی گیراوەكانی بادینان و لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناوخاكی هەرێم، بەرگریكردنە لە مافە ڕەوا مێژویەكانی خۆمان كە زەوت و پێشێل و چەواشەكراون، ئەمانەش هەڵوێستی هەزاران هاوڵاتی دیكەی ئەم نیشتمانەیە، ناكرێت و ناگونجێت لەگەڵ یاسا بەركارەكانی ئێستای عێراق و هەرێمیش لایەنێكی سیاسی بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ بیروڕای جیاواز بكات و حەق بەخۆی بدات سەرتاپای خانەوادەیەك لێك دوربخاتەوە و دەربەردەر بكات”.

هەر لە نامەكەدا، ئەدهەم بارزانی رایگەیاندوە، “من دادی خۆم دەخەمە بەردەم ئێوە، تا لەڕێگەی خۆتانەوە لێكۆڵینەوە لەم بابەتە بكەن، چونكە وەك هاوڵاتیی ئەم وڵاتە بەنیازین رۆلی سیاسی خۆمان ببینین و پاش ڕاوێژ لە گەل ھەڤاڵان و ھەواداران لە هەڵبژاردنی ئایندەی هەرێمی كوردستان رۆڵمان هەبێت و دەمەوێت لەئێستاوە لەو پرسە ئاگادارتان بكەمەوە نەبا بەو بەهانە بێ بنەمایانەوە بیانەوێت ئەو مافەشم لێ زەوت بكەن، هەروەها بەدڵنیاییەوە لەبەرامبەر ئەم سوكایەتی و یاساشكێنییەی بەرامبەرم كراوە بێدەنگ نابم و ڕو دەكەمە دادگا و داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق دەكەم بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتكراوەكانم و داواش لەهەموان دەكەم، رێگربن و دەنگتان بەرز بكەنەوە بەرامبەر ئەم جۆرە حوكمڕانیە رەها و بێ چاودێریە كە سبەینێ ئەم ئاگرە بەردەبێتە دامەنی هەر تاكێكی دیكەی وڵاتەكەمان”.