پەیامی یەکلاکەرەوەی تەیف سامی بۆ هەولێر: موچە بە کۆد نانێرم

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دوایین پەیامی خۆی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، کە مووچەی هێزە ئەمنییەکان بە کۆد نانێرێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنج شەممە بە فەرمی پەیوەندییان بە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقەوە کردووە، بۆ بەدواداچوون لەبارەی نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، لەوەڵامدا تەیف سامی وتویەتی “مووچە بە کۆد نانێرم، دەبێت ناوی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بە لیست بنێردرێت”.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، تەیف سامی وتویەتی مانگەکانی پشتر دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەرپرسیارێتی ئەو لیستانەیان هەڵدەگرت کە بە کۆد ناوەکانی نێردرابوو، بەڵام ئەمجارە دیوانی چاودێری دارایش بەرپرسیارێتیەکەی هەڵناگرێت.

وەك ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم وتی، تەنیا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەتوانێت فەرمان بە وەزیری دارایی بکات مووچەی هێزە ئەمنییەکان بنێرێت، بۆیە چاوەڕێدەکرێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق فەرمان بە تەیف سامی بکات بۆ ناردنی ئەو پارەیە.