پەیامی ڕوونی بافڵ تاڵەبانی بۆ پارتی لەبارەی مووچە و هەڵبژاردنەوە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە جەخت لەسەر ئەوەی کە تێكەڵكردنی مووچە و ژیانی خەڵك بە ناكۆكییە سیاسییەكان كارێكی نابەجێیە، پەیامی ڕوونی بە پارتی دا کە نابێ ئەم دۆخە درێژەی پێی بدرێت.

لە ماوەی ڕابردووا پارتی بە سەرۆکایەتی بارزانی کە حکومەتی هەرێمی لە دەستدایە، وێڕای دروست کردنی قەیران لە پێوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، لەمپەری لەبەردەم پێدانی مووچە و خوشگوزەرانی خەڵک دادەنا و لەمەشدا بەغدا بە غەدرکردن لە خەڵکی هەرێم تۆمەتبار دەکرد.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عیراق کرد و لەم دیدارەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكان، پرسی هەڵبژاردن و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و بەردەوامیی گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی ئەرێنی جەختیلێكرایەوە.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو بەربەستانەی لەبەردەم پرۆسەكە دروستدەكرێن، روونكردنەوەیدا و ئاماژەی بەوەكرد، یەكێتی نایەوێت بەشێكبێت لەو ململانێ سیاسییە ناڕەوایەی تێیدا ژیانی خەڵك دەبێتە قوربانی و دامەزراوە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەوڵی ئێمە لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد، هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی تەندروست و دادپەروەرە.

لەبارەی هەنگاوەكانی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و دەستەبەركردنی ژیانێكی سەقامگیر بۆ خەڵك، سەرۆكی یەکێتی رایگەیاند، تێكەڵكردنی مووچە و ژیانی خەڵك بە ناكۆكییە سیاسییەكان كارێكی نابەجێیە و بەهەمووشێوەیەك دژی وەستاوینەتەوە، بەخۆشحاڵییەوە لەم هەنگاوەدا سەركەوتووبووین. بۆ ئەمەش سوپاسی دۆستەكانمان دەكەین كە هاوكار و پشتیوانمان بوون.