پەرەسەندنی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان
زۆربەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان گەنجن و تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٣٥ ساڵیدایە. بەکارهێنەر هەبووە تەعەدای لە باوکی کردووە و یان لێیداوە یان لە دایکی داوە یا خود لە منداڵی دیکەی داوە، هەر ئەوەندەش نا تەنانەت باوک هەبووە کە بەکارهێنەر و ئاڵودەی ماددەی هۆشبەر بووە، دەستدرێژی کردووەتە سەر کچی خۆی و زینای لە گەڵ کردووە.
لە ٩٠٪ ی تاوانەکان بە هۆی مادەی هۆشبەرەیەوە و ئەو ڕووداوی کوشتنانەی ڕوودەدەن بەشێکی زۆری پەیوەندی بە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرەوە هەیە.
لە سەرەتای ساڵی 2018 تا 1ى ئابی 2024، زیاتر لە 11 هەزار و 145 تۆمەتباری مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون کە دوو هەزار و 857ـیان بازرگان بوون، لەو ژمارەیە پێنج هەزار و 596ـیان سزا دراون.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە سەر دوو ملیۆن و 407 هەزار و 914 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و 113 هەزار و 311 حەبی هۆشبەردا گیراوە.
ئەو جۆرە مادە هۆشبەرانەی دەستیان بە سەردا گیراوە بریتین لە: کریستال، تلیاک، حەشیش، هیرۆیین، ماریجوانا، جامایکا و کۆکایین. هەروەها جۆری ئەو حەبە هۆشبەرانەی دەستیان بە سەردا گیراوە، بریتین لە: ترامادۆل، تریفین، سۆدافید، سۆمادریل، دیازپام، کلونازپام، میاتدۆن، بی توو، ئێکس، کاپتاگۆن و لکزس.
ئێستا مادەی هۆشبەر مەترسییەکی گەورەیە لە سەر کۆمەڵگەی کوردی و ئەگەر بەری پێنەگیرێت، ئەوا دوور نییە کارەساتی گەورە ڕووبدات و لە داهاتوودا ببێتە دەردێکی کوشندەی بێ چارەسەر و کۆمەڵگای کوردی بەدەستییەوە بناڵێنێت.