پەرلەمانێکی بێ سوود؛ سەنتەری بەفیڕۆدانی پارەی خەڵک

خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات، یان باشترە بڵێین کە لە لایەن دادگای باڵای عێراقەوە هەڵوەشایەوە، ئەو خولەی کە لە ماوەی پێنج ساڵ بە بەراورد بە چوار خولەکەی دیکە لە سەدا 300 خەرجییەکانی زیادی کرد، لە کاتێکدا لە سەدا 60 ی بەرهەمی لە دەرکردنی پرۆژەیاسا و لێپرسینەوە و چاودێریکردنی حکومەت کەمی کرد.

لەو خولەدا 111 ئەندامی پەرلەمان سوێندی یاساییان خوارد، جگە لە 79 ڕاوێژکار و 111 شۆفێر و 527 پاسەوان کە تەنیا مووچەی مانگانەی ئەندامانی پەرلەمان 100 دەفتەر دۆلار بووە، جگە لە دابینکردنی شوقە و ڤێلا لە ناز سیتی و هەندێک خانووی گوندی ئیتالی بە بەهای 1600 دەفتەر دۆلار و خەرجی پاسەوانەکانیش مانگانە بە بڕی 500 ملیۆن دینار بووە.

هەروەها مەسروفاتی ئیفادە و خەرجی نەخۆشخانە و نەخۆشی و خواردن بەم جۆرە بووە:

مانگانە هەر پەرلەمانتارێک 100 هەزاری بۆ چایی و قاوە و ئاو وەرگرتووە لە نێو فراکسیۆنەکەی و لە چوار ساڵەکەشدا بە هەر 111 ئەندامەکەوە بڕی 345 دەرفتەر دۆلاریان بۆ ئیفادەی دەرەوەی وڵات و نەخۆشی و چاککردنەوەی بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکانیان وەرگرتووە.

ئەم خەرجی و مووچە و مەسروفاتانە جیاوازن لەو مووچە و خەرجییانەی کە دەستەی سەرۆکایەتی و ڕاوێژکارەکان هەیانبووە کە بڕەکەی زۆر زیاتر لەوەی بووە بۆ ئەندامانی پەرلەمان خەرجکراوە.

دەستەی سەرۆکایەتی لە کاتی کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانیان بە هەر سێ کەسەکەوە بڕی 21 دەفتەر دۆلاریان وەک ئیکرامە و پاساشت وەرگرت، لە کاتێکدا کە پێشتریش مووچەی سەرۆک، جێگر و سکرتێری پەرلەمان مانگانە 100 ملیۆن دینار بووە، جگە لە 42 پاسەوان و 18 ئۆتۆمبێل و 12 ڕاوێژکار.

لەمەش زیاتر، ئەندامانی پەرلەمان خانەنشین دەکرێن و بە هەر 111 کەسەکە و دەستەی سەرۆکایەتی 6 مووچە بە سەر یەکەوە وەک دیاری خانەنشینی وەردەگرن، واتە ئەم مانگە بڕی 511 دەفتەر دەچێتە گیرفانی ئەندامانی پەرلەمان.

ئەمانە هەموو ئەو پارانە بووە کە ڕاستەوخۆ چووەتە گیرفانی ئەندامانی پەرلەمان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، جگە لەوە بینای پەرلەمان خۆی مانگانە 600 ملیۆن دیناری وەک نەسرییە لە وەزارەتی داراییەوە بۆ هاتووە، ئەو پارەیەش بۆ خەرجی و کاروبارەکان، ئیفاد و شاند و نەسرییەی فراکسیۆنەکان و سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان بەکار هێنراوە.

پرسیارێک لە خەڵکی کوردستان:

ئایا ئەم پەرلەمانە بۆ خزمەتکردنی ئەوانە یان ڕازیکردنی ئەندامانی حیزب و پارە کۆکردنەوە لە داهات و سەرچاوە داراییەکانی کوردستان؟

لە کوێی ئەم جیهانەدا ئەم پارە بەفیڕۆدانە هەیە؟

لە گەورەترین و پێشکەوتووترین وڵاتی جیهانیش وەک ئەم هەرێمە بچووکەی کوردستان پارەی خەڵک بە فیڕۆ نەدراوە، ئەویش بۆ ئەو ئەندامانەی پەرلەمان کە بچووکترین خزمەتیان بە خەڵک نەکردووە، بەڵکوو تەنیا گیرفانی خۆیان پڕ کردووە و شەڕە حیزبیان کردووە.