پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بەهۆی عینادی حکومەتی هەرێمەوە مووچەیان وەرنەگرتووە

ئەحمەدی حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری پێشووی عێراق وێڕای ئاماژە بەوەی کە شورەییە بۆ حکومەتێک کە ئەو شەڕە دەروونیە لەگەڵ فەرمانبەرانی خۆیدا دەکات، جەخت لەسەر ئەوە دەکات؛ ئەگەر ئەو کارتانەی وەرگیراوەتەوە لە بانکی TBI لەسەری نوسرابێت هەژماری من ئەوا حکومەتی هەرێم ڕاستدەکات.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید نووسی: پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان٦٤ ڕۆژە بەهۆی عینادی حکومەتی هەرێمەوە مووچەیان وەرنەگرتووە.

ئاماژەی بەوەش داوە؛ ئەو کارتانە دەدرێتەوە بە هەژماری من لە داهاتووشدا، چونکە لە ڕێگەی هەژماری منەوە زانیارییەکان دراوە بە تی بی ئای.

لە بەیاننامەکانی پێشوویدا دەرکەوت تی بی ئای بەهیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ هەژماری من ناکات.

ئەم وتانەی ئەحمەدی حاجی ڕەشید پاش ئەوە دێت، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) ڕایگەیاند: لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکان ڕادەستی تیمی هەژماری من کرد، کە پێک هاتبوو لە کارتی بانکی (368) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی کارتە چاپکراوەکانی دیکەی بانکەکەیە بە زووترین کات بتوانێت کارتەکان ڕادەستی ئەو فەرمانبەرانە بکات کەوا بانکی ناوبراوییان هەڵبژاردبوو.