پێشمەرگە هیچ دەسکەوتێکی گرنگی لە شەڕی داعشدا نەبووە

ئەمریکا ڕاپۆرتێکی لە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە. کورتکراوەی ناوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرتە ئەوەیە کە پێشمەرگە هیچ بەرەوپێشچوونێکی لە توانای جەنگیدا بە دەست نەهێناوە و ناکۆکی قووڵ و بێ کۆتایی پارتی و یەکێتی ڕێگرە لە بەردەم یەکخستنەوەی پێشمەرگە. هەروەها باس لەوە کراوە کە ژمارەی هێزەکانی 70 ی یەکێتی و 80 ی پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە زیاترن و پێشمەرگە هیچ دەسکەوتێکی گرنگی لە ڕوبەڕوبونەوەی داعشدا بە دەست نەهێناوە.

ئەمە بەشێک لە گرنگترین خاڵەکانی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی پشکنەری گشتی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە سەبارەت بە کارەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و سوریا، بە تایبەت لە سەر کۆی گشتی ڕووداوەکان لە 1 ی نیسان تا 30 ی حوزەیرانی 2023 کە ڕۆژی هەینی 4 ی ئاب پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکا کراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا تایبەت بە پێشمەرگە باس لەوە کراوە کە یەکێک لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گواستنەوەی هێزەکانی سەر بە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە بووە تا وەک هێزێکی ناسیاسی لە ژێر فەرمانی وەزارەتەکەدا بن بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کەی و چۆن هێزە سیاسییەکانی کوردستان هێزەکانیان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێکدەخەنەوە.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ناکۆکی قووڵ و بێ کۆتایی لە نێوان پارتی و یەکێتی بوونەتە بەربەست لە بەردەم گواستنەوەی ئەو هێزانە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە هەر یەک لە هێزەکانی 70 و 80 خاوەنی نزیک لە 50 هەزار پێشمەرگەن و ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی پێشمەرگە خاوەنی نزیکەی 54 هەزار و 384 پێشمەرگەیە کە بایۆمەترییان بۆ کراوە.

ڕاپۆرتی پشکنەری گشتی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خستووەتە سەر بەرەوپێشنەچوونی پێشمەرگە و ڕایگەیاندووە کە هەرچەندە ڕاوێژکارانی هێزی هاوپەیمانان لە چەند ئاستێکی جیاوازدا ڕاوێژ بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن بەڵام هێزی پێشمەرگە هیچ بەرەوپێشچوونێکی لە توانای جەنگیدا بە دەست نەهێناوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە تەنیا هێزی کۆماندۆ و زێرەڤانی توانا جەنگییەکانی وەک چاودێڕی چڕ، هێرشکردن و هەڵکوتانە سەریان هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ڕاوێژ و کەرەستەی سەربازی بە شێوەی ڕاستەوخۆ بە هێزەکانی 70 و 80 و زێرەڤانی نەدراوە لە بەر ئەوەی کە لایەنگری حیزبییان پێوە دیارە و لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نین.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هێزەکانی 70 و 80 بە شێوەیەکی سنوردار پێکەوەکارکردنیان هەیە و زانیاری هەواڵگری ئاڵوگۆڕ ناکەن و ئەو زانیارییانەش بە وەزارەتی پێشمەرگە نادەن بەڵام هێزی دژە تیرۆر و زێرەڤانی چەند ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگری هاوبەشی دژ بە داعشیان لە گەڵ هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەبووە.

ڕاپۆرتەکە ڕەخنەی لە هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە گرتووە و ڕایگەیاندووە کە هیچ دەسکەوتێکی گرنگیان لە ڕوبەڕوبونەوەی داعش لە ناوچەکەدا بە دەست نەهێناوە، هاوکات ئەو فیرقە هاوبەشانەش کە بڕیاربوو درووست بکرێن تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێکیان بە خۆیانەوە نەبینیوە، بەڵام لە گەڵ ئەمانەشدا هاوئاهەنگی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش لە ناوچەکە زیاتر بووە.