پلانەکەی یەکێتی بۆ کابینەی نوێ
یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی کە بانگەشەی گۆڕینی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیان بۆ نەچووەتەسەر و لە ئێستادا ڕێوشوێنی نوێی بۆ بەشداری لە کابینەی حکومەتی هەرێم خستووەتەڕوو.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە حیزبەکەی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا تەنیا بەشدار نابێت و بە هاوبەشی دەچێتە کابینەی نوێ.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە نابێت کابینەی حکومەتی هەرێم تەنیا بۆ لایەنێک بێت و لایەنی دیکە وەک بەشداربوو سەیر بکرێت.
ڕاشیگەیاندووە کە سەردەمی هەندێک قسە و باسی میدیایی بەسەرچووە و یەکێتی سیاسەتی ئەوەیە بە هاوبەشی بچێتە کابینەی نوێ و تەنیا بەشداربوویەک نابێت.
ئەم قسانەی سەعدی ئەحمەد پیرە بەڵگەیە لە سەر ئەوە کە یەکێتی دەیەوێت شکستی بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەمە قەرەبوو بکاتەوە.