پلانەکەی مەسرور بارزانی لە دژی فەرمانبەرانی هەرێم

مەسرور بارزانی پلانێکی مەترسیدار لە سەر فەرمانبەران جێبەجێ دەکات. نهێنی دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران چییە؟ پارە هەیە و بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەست پێناکات؟

میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان زانیارییەکی گرنگی لە سەر مووچەی فەرمانبەران ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە حکومەتی هەرێم توانای دابەشکردنی مووچەی هەیە بەڵام پێویستی بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمە تا دابەش بکرێت.

لە ڕاپۆرتێکی میدیاکەی گۆڕاندا هاتووە کە دابەشنەکردنی مووچە بۆ ئەوەیە کە بڵێن ئەوە دەرەنجامی ڕووکردنە بەغدایە.

میدیاکەی گۆڕان کە وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لەوانە، ڕایگەیاندووە کە دەستی بە هەندێک زانیاری گەیشتووە کە حکومەتی هەرێم توانای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەیە بەڵام پێویستی بە بڕیاری مەسرور بارزانییە.

ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە مەسرور بارزانی بڕیاری دابەشکردنی مووچە نادات، بەوەش برسیکردنی خەڵک و دەستگرتن بە سەر مووچەی فەرمانبەرانی خستووەتە ئەستۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێم.

ئێستا حکومەتی هەرێم 440 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی لە بەردەستە و دەتوانێت لە گەڵ 500 ملیارەکەی بەغدا مووچەی پێ دابەش بکات. سەبارەت بە هۆکاری دابەشنەکردنی مووچە ئاماژە بەوە کراوە کە ئەوەی حکومەت دەیکات ئێستا تێکەڵکردنی بەرنامەی کاری حیزبێکە کە تێکەڵ بە حکومڕانی کراوە کە مەبەستی پارتییە و ڕایگەیاندووە دواخستن و دابەشنەکردنی مووچە تەنیا یەک ئامانجی لە پشتە و ئەویش ئەوەیە کە لایەنێکی سیاسی بە خەڵکی کوردستان بڵێت ئەوە دەرەنجامی ڕوونکردنە بەغدا و دابەشکردنی مووچەیە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە و ئەوەش دەرەنجامەکەیەتی.

ئەو پلانەی مەسرور بارزانی پەیرەوی دەکات، یاریکردنە بە قووت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەست دەنێتە قورقوڕاگەی فەرمانبەران تەنیا بۆ ئەوەی بڵێت کە ڕووکردنە بەغدا ئەوە چارەنووسەکەیەتی و دەبێت هەر چاوەڕێی مووچە بن.

هەموو ئاماژە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە حکومەت پارەی تەواوی لە بەردەستدایە بۆ دابەشکردنی دوو مووچە.

داهاتی ناوخۆیی حکومەتی هەرێم مانگانە 320 ملیار دینارە و لە گەڵ پارەکەی بەغدا هەموو مانگێک دەکرێت مووچە دابەش بکرێت بەڵام پارتی دیسانەوە بۆ دژایەتیکردنی بەغدا یاری بە قووتی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانەوە دەکات.