پشتیوان سادق چەندە گەمژەیە
پشتیوان سادق وەزیری ئەوقافی حکومەتە کەمتەرخەمەکەی هەرێمی کوردستان هەڕەشەی ئەوەیکردووە کە ئەگەر بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم نەنێرێت، لە عێراق جیا دەبینەوە.
وەزیرەکەی پارتی وا دیارە زۆر گەمژەیە و ئەوەی لەبیر نەماوە ساڵی 2017 بە هۆی ڕیفراندۆمەوە چی بە سەر کوردستاندا هات کە هەر ئێستاش کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارە تاکلایانەیە چەندە زیان بە خەڵک دەگەێنێت.
جیابوونەوە لە عێراق بەم ئابورییە فەشەلهێنراوە؟ یەکێک لە فاکتەرە بەهێزەکانی هەر وڵاتێک کەرتی ئابورییە. ئەگەر سەیری هەرێمی کوردستان بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە ئابورییەکەی هیچی بە سەر هیچەوە نییە. مووچەخۆران مووچە وەرناگرن. بازاڕ جوڵەی نییە. هەموو کاڵا و شمەکێک لە دەرەوە هاوردە دەکرێت. کارەبا نییە و ئاوی خواردنەوەی تەندرووست نییە. سووتەمەنی نییە. بەنزین کەم و گرانە. حکومەتی هەرێم دەیان ملیار دۆلار قەرزدارە. یەدەکی دارایی نییە کە لە کاتی کێشە و قەیرانەکاندا بەکاری بێنێت. هەناردەی نەوتەکەی ڕاگیراوە.
بەم حاڵە ئابورییەوە، گەر سەیری سیاسەتیش بکەین کام وڵات پشتگیری لە جیابوونەوەی کوردستان دەکات؟ ئێران، ئەمریکا، تورکیا، کام وڵات؟
ئێستا پشتیوان سادق هەڕەشەی جیابوونەوە لە عێراق دەکات، هۆکارەکەشی ڕوونە، هێندە فشاری خەڵک و مووچەخۆران ڕووی لە پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانییە کە دەیانەوێت بە هێنانە پێشەوەی پرسی جیابوونەوە لە عێراق ڕای گشتی لە کێشە و قەیرانەکان بە لاڕێدا ببەن. بەڵام خەڵک بەم بابەتانە فریو نادرێن.