پاڵاوگە نایاساییەکان ژینگەى هەولێریان وێرانکردووە

شوان ڕەحمان قەشقە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پاڵاوگە نایاساییەکان بەگوێرەى پێوەرى هەوا، کەشوهەواى هەولێری هێندە پیس کردووە بەشەودا دەبێت بەماسکەوە هاتووچۆ بکەیت.

 

شوان ڕەحمان، یەکێکە لە چالاکوانەکانى شارى هەولێر کە بە ڤیدیۆ و نووسین مەترسى پاڵاوگەکانى هەولێرى وروژاند، ئەو لەگفتوگۆیەکى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە جەختى لەوە کردەوە ئێستا بەهۆى بوژانەوەى پاڵاوگە نایاساییەکان کە کاریان پاڵاوتنى نەوت نیە، هەولێر بەرەو ژینگەیەکى وێران دەڕوات.

وتیشی “پاڵاوگە نایاساییەکان بەگوێرەى پێوەرى هەوا، کەشوهەواى هەولێری هێندە پیس کردووە بەشەودا دەبێت بەماسکەوە هاتووچۆ بکەیت”.

باسی لەوەشکرد، “لەهەولێر زیاتر لە١٣٠ پاڵاوگە کاردەکەن، ئەم پاڵاوگانە بەناوى کۆمپانیاى قیرەوە کارى پاڵاوتنى پاشماوەکانى پاڵاوگە نەوتیە گەورەکان دەکەن، ژینگەى هەولێریان وێرانکردووە”.