پانزە ساڵە بکوژانی سۆرانی مامە حەمە دەستگیر نەکراون

تیرۆری ڕۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە پەڵەیەکی ڕەشە لە کارنامەی حکومڕانی کوردی، ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە بە هۆی ڕەخنەکانیەوە بە بێ تاوان کوژرا و تا ئێستاش بکوژەکانی نەدۆزراونەتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە بانگەشەی ئازادی ڕادەربڕین و دیمۆکراسی دەکەن، کەچی هەر دەنگێکی ناڕازی بە توندترین شێواز لەم هەرێمە وەڵام دراوەتەوە، تەنیا ئەو ڕۆژنامەنووسانە ئازادن کە لایەنگری لە پارتی و یەکێتی و بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی دەکەن.

سۆرانی مامە حەمە یەکێک لەو دەنگە ئازا و بوێرانەی ڕۆژنامەوانی کوردی بوو کە بە هۆی بیر و بڕوای ئازادیخوازییەوە بە بێ تاوان و تەنیا لە بەر ڕەخنەی لە دەسەڵات تیرۆر کرا.

21 ی تەمموزی 2008 چەند چەکدارێک لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کۆتاییان بە ژیانی سۆرانی مامە حەمە هێنا و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر لێکۆڵینەوەکانی ئەو دۆسیەیە بڵاو نەبووەتەوە.

تیرۆری ڕۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە دواتر گەیشتە تیرۆری ڕۆژنامەنووسان سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وەدات حوسێن و شوکری ڕێکانی. لەمەش زیاتر چەندین ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی وەک شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و ئەیاز کەرەم زیندانی کران.

دۆسیەی تیرۆری سۆرانی مامە حەمە بە کراوەیی ماوەتەوە و سەرەڕای پێکهێنانی لێژنەی درۆی لێکۆڵینەوە، تا ئێستا هیچ تاوانبارێک دەستگیر نەکراوە.