پارە بۆ مووچەی خەڵک نییە بەڵام پەرلەمانتاران 52 ملیۆن دیناری دیکەیان وەرگرت

لە درێژەی بێسەروبەرەیی حوکمڕانی کوردی و لە کاتێکدا کە حکومەت بە فەرمی ڕایگەیاندووە پارەی بۆ دابەشکردنی مووچەی خەڵک نییە، هەر پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بڕی 52 ملیۆن دیناری وەک پاداشتی خانەنشینی وەرگرتووە.

پەرلەمانی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە بە بڕی 5 ملیار و 121 ملیۆن و 900 هەزار دینار لە سەر بودجەی ساڵی 2023، تەمویلی هەژماری پەرلەمان بکەن بۆ خەرجکردنی پاداشتی شەش مانگی خانەنشینیی ئەندامانی پەرلەمان کە بە ناوی ڕێواز فایەق حوسێن دەست پێدەکات و بە ناوی هەڵکەوت ئەنوەر خەلیفە کۆتایی دێت.

هەر پەرلەمانتارێک بڕی 52 ملیۆن دینار وەک ئیکرامییەی خانەنشینبوون وەردەگرێت و بە پێی یاسا زیاتر لە 10 پەرلەمانتار ئەوە نایانگرێتەوە بە هۆی ئەوەی کە لە خولەکانی پێشووی پەرلەمان، پەرلەمانتار بوون و ئەو ئیکرامییەیان وەرگرتووە.