پارتی کەرکوک کاول دەکاتەوە

لە پاش ڕووداوەکانی 2003 ی عێراق بە تایبەت لە پاش هاتنی داعش و دەستبەسەرداگرتنی کەرکوک لە لایەن کوردەوە، پارتی ڕۆڵی سەرەکیی لە ڕووخان، کاولکردن و دواکەوتنی کەرکوکدا هەبووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەرکوک پێگەیەکی بەهێزی ئابوریی بە هۆی سەرچاوە سرووشتییەکانی نەوت و غازەوە هەیە و دەڵێی شارە ڕەش و ڕووتەکانی ئەفریقایە و بە بێ خزمەتگوزاری و ئاوەدانی ماوەتەوە.

پارتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی کردە ئامرازی لە دەستدانی کەرکوک بۆ کورد. سەرکردەکانی پارتی بە تایبەت مەسعود بارزانی کە بانگەشەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییان بۆ کورد دەکرد، باش ئەوەیان دەزانی کە ئەو پرۆسەیە تەنیا بانگەشەیە و هیچ کات ئامانجەکانی بەدی نایەت. هەر ئەوەش بوو کە ڕیفراندۆمەکە سەری کوردی لە کەرکوک خوارد و لە 16 ی ئۆکتۆبەری 2017 دا بووە هۆکاری گەڕانەوەی هێزەکانی عێراق بۆ شارەکە.

پارتی ئامانجەکەی ئەوە بوو کە کەرکوک لە ژێر دەستی کورد و بە تایبەت یەکێتی دەربێنێت و پاشان ئەم حیزبە و سەرکردەکانی بە خیانەتی نیشتمانی تۆمەتبار بکات. ئەوەیە کە هەر دوو ئامانجەکەی بۆ چووەتە سەر و ئێستا کە یەکێتی لە هەوڵی گەڕانەوەی پێگەی کوردە لە کەرکوک، دیسانەوە سیناریۆکانی پارتی بە هاوکاری عەرەب و تورکمانە پارەخۆرەکان خراونەتەوە بواری جێبەجێکردنەوە و دۆخی کەرکوک پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە تەواوی ئاڵۆز بووە.

پارتی کەرکوک وەک ئەولەویەتی یەکەمی خۆی دانانێت و لە ناوچە جێناکۆکەکان گرنگییەکی زیاتر بە موسڵ و ناوچەکانی دیکە دەدات. کەرکوکی بۆ ئەوە دەوێت کە بە ئاژاوەگێڕی و تێکدانی دۆخی کەرکوک، یەکێتی لە ئامانجەکەی دووربخاتەوە.

ئەم سیناریۆ و پیلانەی پارتی لە لایەن شاخەوان عەبدوڵڵاوە لە کەرکوک جێبەجێ دەکرێت. جێگرە توندڕەوەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری و پێکەوەژیان لە کەرکوکدا نەبێت، تەنانەت ئەمە لە لێدوانەکانیشیدا بەدی دەکرێت.

پارتی دەزانێت لە کەرکوک پێگەیەکی ئەوتۆی نییە و ئەگەر دەنگیشی هەبێت لەو ئاستەدا نییە بتوانێت پۆستی پارێزگار بە دەست بێنێت، هەر بۆ ئەمەش لە گەڵ لایەنەکانی دیکەی کورد هاوپەیمانی نەکردووە. سیاسەت و ستراتیژی پارتی لە کەرکوک ئەوەیە کە دۆخەکە لە یەکێتی تێک بدات، بۆشی گرنگ نییە کورد بە کوشت دەدرێت و خەڵکی شارەکە هەموو شتێکیان لە کیس دەچێت.

خەڵکی کەرکوک بە هۆی ئەو تاوانانەوە کە لە پاش ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 لە بارەگاکانیدا ئاشکرا بوون و گەنجانی شارەکەیان بە ئەشکەنجەدراوی خستبووە ئاوەڕۆکانەوە، نایانەوێت پارتی بگەڕێتەوە کەرکوک، هەرچەندە ڕەنگە بە پشتیوانی محەمەد شیاع سودانی بارەگاکانی بکاتەوە بەڵام کەرکوک ئەو کەرکوکەی پێش 2017 نییە کە پارتی تەراتینی تێدا بکات. دۆخەکە گۆڕاوە و پارتی ناتوانێت خۆی نمایش بکات، ئەم ڕاستییەش دەزانێت و تەنیا دەیەوێت یەکێتی سەرنەکەوێت.