پارتی چۆن فێڵی لە یەکێتی و گۆڕان کرد؟
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی دووشەممە کۆتاییهێنانی ئەرکی پەرلەمانیی بە فەرمی ڕاگەیاند. ئەمەش بە ڕای چاودێران وەک دانپێدادانی فەرمی ئەو حیزبە دەبێت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق و هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کوردستان.
فراکسیۆنی پارتی پێشنیاری یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی بە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی دیکە واژۆ کرد بەڵام خۆی بە تەنیا کۆتایی بە ئەرکی پەرلەمانی هێنا.
ئەمە هەڵەیەکی سیاسییە بۆ یەکێتی و گۆڕان و پێویستە وانە لەم هەڵە و هەڵەکانی دیکەی خۆیان وەربگرن.
بڕیارەکەی پارتی وەک بانگەشەیەک بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو سەیر دەکرێت. ئەو کات ئیشی بە یەکێتی و گۆڕان هەبوو و تەمەنی پەرلەمانی بەوان درێژ کردەوە، بەڵام ئێستا کە سرنجی خەڵک لە سەر پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکانە تا بزانن لە پاش هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و نەبوونی هیچ چالاکییەکی پەرلەمانتاری، مووچە و ئیمتیازاتی خۆیان وەردەگرن یان نە، بە بێ یەکێتی و گۆڕان لە پەرلەمان کشایەوە بەڵام تورکمانەکانی لە گەڵدا بوو کە لە ڕاستیدا وەک یەک فراکسیۆن سەیر دەکرێن.