پارتی پەنای بردووەتە زانایانی ئائینی و مزگەوتەکان

دۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو تەقینەوەی جەماوەری دەچێت و بنەماڵەی بارزانی بۆ ڕێگری لەمە پەنایان بردووەتە یەکێتی زانایانی ئیسلامی و پیاوانی ئائینی.

ڕۆژنامەی العرب کە ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگە و بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە بنەماڵەی بارزانی لە ترسی سەرهەڵدانی بشێوەی جەماوەری، پەنا بۆ پیاوانی ئائینی دەبەن.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی العرب دا هاتووە کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی لە ترسی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و تەقینەوەی جەماوەری، بەڵێنی باشترکردنی دۆخی زانایانی ئائینی و پاراستنی مافەکانی ئەوانی داوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی ناسەقامگیر و قەیرانی ئابوریدا تێپەڕ دەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت یەکێتی زانایانی ئیسلامی و هێزە ئائینییە جەماوەرییەکانی دیکەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بۆ لای پارتی ڕابکێشێت.

ڕۆژنامەی العرب ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە ئامانجەکانی پارتی ئەوەیە کە ڕێگری لە تەقینەوەی گشتگیری جەماوەری بکات، هاوشێوەی ئەوەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا کە تێیدا هەزاران کەس لە شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە سلێمانی ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی بارودۆخی ئابوری و دابەشنەکردنی مووچە خۆپێشاندانیان کرد.

عەبدوڵڵا مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان ئەوەی سەلماندووە کە کەسێکی پارتییە و کار و چالاکییەکانی لە پێناو سەرخستنی سیاسەتەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانییە.