پارتی و یەکێتی کێشەیان پێکەوە نییە، ئەمە سیناریۆیە

پارتی و یەکێتی وا سیاسەت دەکەن کە پێکەوەن و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و ئەوەی داهات و پارە بێت لە نێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن، جار جاریش بۆ ئەوەی خەڵک چەواشە بکەن خۆیان بە ناتەبا و ناکۆک نیشان دەدەن، خەڵکیش ماوەیەکی زۆرە لەم یارییە سیاسییە تێگەیشتووە.

بە ڕاست بێت یان درۆ، پارتی و یەکێتی لە میدیاکانی خۆیاندا هێرشی زۆر دەکەنە سەر یەکتر و خەڵکیان بەمەوە سەرقاڵ کردووە. وڵاتانی بیانیش لەم یارییە تێناگەن و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن، ئێستاش هەڕەشە و فشاری زۆریان خستووەتە سەر هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارە بەرژەوەندیخوازەکە کە دەبێت کۆتایی بەم دۆخە و گرژییەکانی نێوانیان بێنن.

هەر یەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوێنەری وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بۆ ئەم مەبەستە فشاریان خستووەتە سەر پارتی و یەکێتی.

لە ئەنجامی ئەمەش هێرشە میدیاییەکانی پارتی و یەکێتی هێور بووەتەوە و ئیتر یەکتر بە خائین و دز و هتد ناو نابەن، ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەو زمانە میدیاییەی پارتی و یەکێتی لە دژی یەکتر هەر سیاسەتی خۆیانە و گوزارشت لە دۆخی پەیوەندییەکانیان ناکات، ئەوە میکانیزمێکی سیاسی هاوبەشی نێوانیانە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و بەلاڕێدابردنی ئەوان لەم هەموو کێشە و گرفتە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.