پارتی و یەکێتی ڕووی کۆبوونەوەیان هەیە؟

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە پارتی و یەکێتی لە شاری هەولێر کۆببنەوە. کۆبوونەوەکە لە ئاستی مەکتەبی سیاسی هەر دوو حیزب دەبێت و لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت. ئامانجی کۆبوونەوەکەش وا ڕاگەێندراوە کە هەر دوو لا لە سەر ناکۆکییەکانی نێوانیان، دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان و ڕەوشی ئێستای هەرێم وتووێژ دەکەن.

پارتی و یەکێتی لە پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ی خەڵکی کوردستان، ئەم خاک و خەڵکەیان وا تاڵان کردووە کە خۆیان و تاقمی دەوروبەریان دەوڵەمەند کردووە و خەڵک تا دێت هەژارتر و چەوساوەتر دەبن، کوردستان تا دێت دواکەوتووتر دەبێت، خزمەتگوزارییەکان ڕوو لە پاشەکشە دەکەن، گەنجان زیاتر ڕوو لە هەندەران دەکەن، مووچەی فەرمانبەران دوا دەکەوێت، مردنی خانەنشینان لە سەرەی وەرگرتنی مووچە زیاتر دەبێت، ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان ڕوویان لە زیاتربوون کردووە، کوردستان زیاتر بەسراوەی وڵاتانی دراوسێ دەبێت، ئەمەیە چارەنووسی ئەو کوردستانەی کە حوکمی پارتی و یەکێتی تێدایە.

ماوەی دوو ساڵە پارتی و یەکێتی لە سەر هەندێک پرسی لاوەکی و لە ڕاستیدا لە سەر بەرژەوەندییەکانی هەر دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی شەڕە میدیا و شەڕە هەڵوێستیانە، ئەوان ئەم کوردستانەیان تا لێواری شەڕی ناوخۆیی برد، کوردستانیان لە دووئیدارەییەکەی پێش 2005 نزیک کردەوە، هەرچەندە کە ئێستاش نموونەی هەمان دووئیدارەیی بە نافەرمی هەیە.

ئەوان بە هەزاران منداڵی ئەم خەڵکەیان تا ئێستا لە سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە کوشتن داوە، هەر ئێستاش زیندانەکانی ئەوان پڕە لەو کەسانەی تەنیا لە سەر ڕەخنە و ڕەنگە لە سەر تەنیا کۆمێنتێک گیرا بێت.

ئێستاش لە پاش ئەم هەموو نەهامەتییەی کە پارتی و یەکێتی بەدیهێنەری بوون، دیسانەوە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی خۆیان و بۆ دابەشکردن و دابینکردنی بەرژەوەندی زیاتر و نەک لە سەر ماف و چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک، کۆدەبنەوە.

ئەنجامی کۆبوونەوەکەش دیارە، هەر دوو لا دەڵێن ڕێکەوتووین درێژە بە کۆبوونەوەکان بدەین، پارتی و یەکێتی ساڵانێکە پێکەوەن و دەبێت ئێستاش بە یەکڕیزی بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێن.

ئەوان هەر لە خەمی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان و هەر خەڵکە کە زەرەرمەندی بەردەوامی حکومڕانییەکەی پارتی و یەکێتی دەبێت.